رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستپێکردنی یەکەم سەکۆی (ميّز التزييف- جیاکردنەوەی ساختەکاری) لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیاند، کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد و چەواشەکاریی دیجیتاڵی.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگاکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، "دەستپێکردنی سەکۆی (ميّز التزييف- جیاکردنەوەی ساختەکاری) لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" راگەیاند، کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ساختەکاریی قووڵ و چەواشەکاریی دیجیتاڵی بەهۆی بەکارهێنانی هەڵەی زیرەکیی دەستکردەوە.
ئەرشەد حاکم، ئاماژەی بەوەش کرد، "خستنەڕووی سەکۆی (ميّز التزييف- جیاکردنەوەی ساختەکاری) وەک هەنگاوێکی پێشوەختەی پێشەنگ دێت بۆ دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی کۆمەڵایەتیی پتەو؛ کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاووڵاتیی عێراقی و راهێنانی لێهاتووییە مەعریفییەکانیەتی لەسەر ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵیی چەواشەکارانە".
گوتەبێژی دەزگاکە گوتی: "لەرێگەی سەکۆکەوە دەتوانرێت پشتڕاستی لە دروستیی میدیاکان بکرێتەوە بە هەموو شێوەکانیانەوە — جا چ وێنەی دەستکرد بن، یان ڤیدیۆی ساختە، یانیش دەنگ — ئەمەش بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و رووبەڕووبوونەوەی شێوازە نوێیەکانی فێڵی ئەلیکترۆنی، کە راستەوخۆ دەچێتە خزمەتی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانیمان".

