رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بەغدا یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە بەردەم وەزارەتی دارایی خۆپێشاندانیان کرد و داوای دامەزراندنیان کرد.
ژمارەیەک لە یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە چووبوونە بەغدا. رۆشنا حەسەن، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئایتی و یەکێک بوو لە خۆپێشاندەران و لە کەرکووکەوە چووبووە بەغدا بە رووداوی گوت، "داوا دەکەین بەگوێرەی یاسا دابمەزریێن و لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پرسی دامەزراندنمان بۆ یەکلایی بکرێتەوە."
رۆشنا حەسەن دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان بە گاز رووبەڕوومان بوونەوە. هیچ مادەیەکی یاسایی نییە کە رێگری بکات لە دامەزراندنمان. بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق پشتگیری داواکەی نەکردووین، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران لەسەر داواکارییەکانمان هەڵوێستیان هەبێت."
ئەو کەسانەی خۆپێشاندانەکەیان رێکخستبوو، دەڵێن، نوێنەرایەتی 43 هەزار کەس دەکەن کە یەکەمەکانی بەشە جیاوازەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆران.
لەبارەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، رۆشنا حەسەن دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە گەیاندنی داواکارییەکانمان و داوا لە نوێنەرانی کورد دەکەین، پشتیوانی داوای دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆکان بکەن."



