رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، شەش راسپاردەی نوێی دەرکرد؛ دیارترینیان پشتبەستنە بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 وەک سەرچاوەی فەرمی بۆ داڕشتنی پلانە حکومییەکان. هەروەها بڕیاردرا بە زیادکردنی بڕی ئەو قەرزانەی دەدرێنە ژنان بۆ کارکردن.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی پەروەردە، کار، سەرچاوە ئاوییەکان، لاوان و ژینگە، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئامادە بوون.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق شەش راسپاردەی پەسند کردووە کە بریتین لە:
یەکەم: بڕیار را ئەنجامەکانی (سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون بۆ ساڵی 2024) بکرێتە بنکەی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ هەموو پلاندانانێکی دەوڵەت، هەروەها هەموو وەزارەتەکان پابەند کران کە پلانە ستراتیژییەکانیان بەپێی ئەو داتایانە نوێ بکەنەوە.
دووەم: زیادکردنی ژمارەی ئەو بنکە تەندروستییانەی خزمەتگوزاریی رێکخستنی خێزان پێشکەش دەکەن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشین و دوورەدەستەکان، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی دایکان.
سێیەم: پەسندکردنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریکردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا، بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی گیانلەدەستدانی کۆرپە کەم بکرێتەوە.
چوارەم: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راسپێردرا بە زیادکردنی بڕی ئەو قەرزانەی دەدرێنە ژنان و ئاسانکاریی رێکارەکانی وەرگرتنیان، ئەوەش بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی ژنان. هەروەها لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی "سندووقی پشتگیریی پڕۆژە بچووکەکان بۆ ئافرەتان" دەکرێت.
پێنجەم: لێکۆڵینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی نیشتمانیی رێکخستنی خێزان و نێوانی نێوان منداڵبوون، هەروەها پاڵپشتیکردنی ئەو بەرنامانەی کە تاوەکو ساڵی 2030 ئامانجیان کەمکردنەوەی جیاوازیی پێداویستییە خێزانییەکانە.
شەشەم: بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هەمیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی "وەرچەرخانی دیمۆگرافی" بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی پلاندانان، کە ئەرکی بێت چاودێریی گۆڕانکارییەکانی تەمەنی دانیشتووان و گەشەی شارنشینی بکات و ساڵانە راپۆرت پێشکەش بکات.
لە 20 بۆ 22ی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی کرا و بەگوێرەی سەرژمێرییەکە، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی)، گەیشتووەتە 46,118,793 کەس.


