رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە دەڵێت، پێش کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیەی ئەمنیی دیالە رادەستی پۆلیس دەکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، دۆسیەی ئەمنی بەدەست پۆلیس، سوپا، حەشد و چەند گرووپێکەوەیە.
رۆژی دووشەممە 31ی ئابی 2026، نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا لە دیالە سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبی هەن، کە ساڵانێکە بارەگایان لەو پارێزگایەدا هەیە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، حەشد و گرووپە چەکدارەکان لە دەوروبەری شاری دیالە جێگیرن و ناچنە نێو ناوەندی شارەکەوە.
نزار لهێبی گوتی، "وابڕیارە دوای چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان، بەیەکجاری دۆسیەی ئەمنی دیالە رادەستی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بکرێت."
هەیسەم شممەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە رووداوی گوت، "حەشدی شەعبی پاراستنی ئاسایشی دەوروبەری دیالەیان لە ئەستۆیە، بەڵام هەمووی لە کۆتاییدا رادەستی پۆلیس دەکرێت."
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتیشی، "ئێستا زۆربەی دۆسیەی ئەمنیی دیالە لەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و پۆلیسی دیالەیە، بەڵام پێش کۆتایی ئەم ساڵ، بەفەرمی دۆسیەی ئەمنی رادەستی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەکرێت."
لە دوای ساڵی 2003، دیالە بە یەکێک لە مەڵبەندە سەرەکییەکانی (قاعیدە) و دواتر (داعش) دادەنرا. دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لە ساڵی 2015، دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە لەنێوان سوپا، پۆلیس و چەندین گرووپی حەشدی شەعبیدا دابەشبوو.
خانەقینیش کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە فیدراڵییەکاندایە. ئەمڕۆ بڕیاربوو دژی بەعەرەبکردن لە شارەکە خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەبچێت، بەڵام حیزبە کوردستانییەکانی شارەکە رایانگەیاند، خۆپێشاندانەکەیان بەهۆی کەموکوڕی لە رێوشوێنەکانی ئاسایش دواخستووە.
دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش بەتۆمەتی جیاواز فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 20 کەس لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەرکرد و ژمارەیەکیان دەستگیرکران.



