رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێ، بڕی ئەو ئاوەی لە سووریاوە دەگاتە نێو عێراق نزیکەی 680 مەتری سێجایە لە چرکەیەکدا، کە چوار هێندەی ساڵی رابردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق پلانی ستراتیژیی نوێی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سامانە ئاوییە هەیە.
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا بڕی 680 مەتری سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە سنووری سووریاوە دەگاتە نێو عێراق و بەنداوی حەدیسەی پارێزگای ئەنبار؛" گوتیشی: "لەو بڕە ئاوە، 500 مەتری سێجا هەر بە رووباری فوراتدا تێدەپەڕێ و 180 مەتری سێجاش لە چرکەیەکدا کۆگا دەکەین. ئەم بڕە چوار هێندەی ساڵی رابردووە لەم کاتەدا کە تەنیا 151 مەتری سێجا ئاو دەگەیشتە عێراق."
خالید شیمال ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا بەنداوی حەدیسە توانای کۆگاکردنی 4.8 ملیار مەتری سێجای هەیە، بەڵام هێشتا 3.4 ملیار مەتری سێجای بۆ پڕبوونەوە ماوە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، سێ هۆکار وایکردووە ئەم بڕە زۆرە لە ئاو بگاتە عێراق. یەکەم، بڕی زۆری ئاو لە تورکیا و سووریا، چونکە فورات رووبارێکی هاوبەشە. دووەم، شێوازی بەڕێوەبردنی ئاو لە لایەن تورکیاوە و سێیەم، رێکارەکانی بەڕێوەبردنی ئاو و سیستمی کۆگاکردن لە سووریا.
خالید شیمال گوتی، وەزارەت پلانی هاوینەی چاندنی برنجی (عەنبەر)ـی جێبەجێ کردووە، کە ماوەی پێنج ساڵە وەستابوو؛ گوتیشی: "زیاتر لە 300 بۆ 400 هەزار دۆنم زەوی بە برنجی عەنبەر چێنراوە، کە ئەمەش بەرهەمێکی ستراتیژی گرنگە بۆ عێراق."
"پێنج رێکاری ستراتیژی بۆ ئاسایشی ئاو"
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی، پێنج رێکاری ستراتیژیی بۆ دابینکردنی ئاوی بەردەوام و بەڕێوەبردنی دەگیرێنە بەر لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور، ئەوانیش داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی کۆگاکان و پاراستنی ئاستی رووبارەکان، جێبەجێکردنی میکانیزمێکی یەکسان بۆ دابەشکردنی ئاو لەنێوان پارێزگاکان و بەهێزکردنی سیستمی نۆرەگرتن.
وەک خالید شیمال گوتی، هەروەها دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبردنی پڕۆژە و فەرمانگەکان، هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان، پەرلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دابینکردنی بودجە و پاڵپشتی بۆ پڕۆژەکان لە پێنج رێکارە ستراتیژییەکانن.
خالید شیمال ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەت سەرنج دەخاتە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاودێریی داخراو و تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی بەدعه لە زیقار کە بە بۆری بۆ بەسرە دەگوازرێتەوە؛ هەروەها پڕۆژەی ئاوی سەماوەی گەورە تەواو بووە و بەمزووانە دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە پارێزگای موسەننا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باسی لە پلانی حکومەت کرد بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی کەمیی ئاو و رایگەیاند:" بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی ژینگە، تێڕوانین و پلانی ستراتیژی بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی کەمیی ئاو و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان هەیە".


