رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان لە هەبوونی کۆمەڵێک لینکی ئەلیکترۆنیی گوماناوی کە بە ناوی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئامانجیان دزینی زانیاریی کەسی و بانکیی خەڵکە.
عەقید محەممەد عەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی دووشەممە (31ـی ئابی 2026)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە هیچ شێوەیەک ئەو لینکە گوماناوییانە نەکەنەوە و زانیاریی کەسی و بانکیی خۆیان تێدا تۆمارنەکەن. پێویستە تەنیا پشت بە ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنە فەرمییەکان ببەسترێ بۆ پاراستنی سلامەتیی هەژمارەکانیان."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی کردەوە، هۆشیاریی دیجیتاڵی هێڵی یەکەمی بەرگرییە لە بەرامبەر فێڵە ئەلیکترۆنییەکان و رەچاوکردنی ئەم رێنماییانە رێگری لە دزینی زانیاری دەگرێ.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵێک لینکی گوماناوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە کە خۆیان وەک لایەنی فەرمی یان خزمەتگوزاری دەناسێنن، تاوەکو هاووڵاتییان هەڵبخەڵەتێنن و دەست بەسەر هەژمار و زانیارییە بانکییەکانیاندا بگرن.
ئەم لینکە ساختانە بە مەبەستی جیاواز بەکاردێن، لەوانە: "پرسیارکردن لەبارەی پێبژاردنی هاتووچۆ، نوێکردنەوەی زانیاری، وەرگرتنی هاوکاریی دارایی یان بڕینی یەکێک لە خزمەتگوزارییەکان."
ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق چەند رێنماییەکی بۆ هاووڵاتییان خستوەتەڕوو:
- کلیک لەسەر ئەو لینکە مەکەن کە سەرچاوەکەی نادیارە.
- وشەی تێپەڕبوون (پاسۆرد) و کۆدی دڵنیایی (OTP) بۆ هیچ لینکێک مەنێرن.
- تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزارییە حکومییەکان بکەن.
- هیچ ئەپلیکەیشن یان فایلێک لە رێگەی لێنکە نامتمانەپێکراوەکانەوە دانەبەزێنن.
لەگەڵ فراوانبوونی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق، تاوانە ئەلیکترۆنییەکانیش روویان لە زیادبوون کردووە.
گروپەکانی فێڵکردنی ئەلیکترۆنی بەردەوام تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەو کەسانەی زانیاریی تەواویان لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی نییە. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەم جۆرە هێرشانە کە زیانی گەورەی دارایی و مەعنەوی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.


