رووداو دیجیتاڵ
بانکى ناوەندیى عێراق هۆشدارییەکى 10 خاڵى ئاراستەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکان دەکات لەبارەى چۆنێتى ئاگاداربوون و چاودێریى مامەڵەى دارایی ئەو کەسانەى پۆستى باڵایان هەیە و چەند رێنماییەکیان پێدەدات کە دەکرێ ئاماژەبن بۆ گومان لەسەر ئەو بەرپرسانە، لەوانە، نەگونجاندنی سەروەت و سامانەکەیان لەگەڵ سەرچاوەی داهاتەکەیان.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 26ی ئاب نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ جووڵە و چالاکیی دارایی ئەو کەسانەی پۆستی سیاسییان هەیە.
ئاگادارکردنەوەکە 10 خاڵە و دەست رووداو کەوتووە، لەسەر بنەمای یاسای بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆرە کە لە ساڵی 2015 دەرچووە.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە سرووشتی کاری سیاسیی ئەو کەسانە لەبەرچاو بگیرێ کە خاوەنی دەسەڵاتن و ئاگاداری سرووشتی ئەو چالاکییانە بن کە ئەنجامی دەدەن، لەگەڵ هەر ئاماژەیەکی مەترسیدار کە دەردەکەوێ و بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بکەن و بانکی ناوەندی لە ئاستی پابەندبوونی ئەو کەسانە بە پێوەرە پشت یپێبەستراوەکان ئاگادار بکەنەوە.
خاڵێکی دیکەی هۆشدارییەکە ئەوەیە کە بانکەکان رێکار بگرنەبەر لەبارەی کەسانى سیاسی و خاوەن پۆست کە داوای کردنەوەی هەژماری بانکی بکات یان مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەیەکی دارایی جیهانی بکات. ئەگەر کەسەکە نێوخۆیی یان بیانی و پۆستێکی باڵای بەدەستەوە بێت، ئەو رێکارانە پێویستە لە کاتى بەڕێوەبردنى پۆستەکە و دوای بەجێهێشتنیشی بگیرێتەبەر.
بانکی ناوەندی بە پێویستی زانیوە بانکەکان بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون بکەن و زانیارییەکان لەبارەی ئەو کەسانە نوێ بکەنەوە، بۆ ئەوەی زانیارییان هەبێت لەسەر ئەو بەرپرسانە و ئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانیان، لەگەڵ ئاگاداربوون لە هەر گۆڕانکارییەک لە زانیارییەکانیان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە نەخراونەتە لیستی سزادراوانەوە یان لیستی قەدەخەکراوانى نێودەوڵەتی.
لە رێنماییەکی دیکەدا هاتووە کە پێویستە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان لێکۆڵینەوە بکەن لە پەیکەربەندیی ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی کە بەرپرسان یان کەسە نزیکەکانیان پشکیان تێیاندا هەیە یان ناڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتیاندان.
بەگوێرەى نووسراوەکەى بانکی ناوەندی، هەرکات ئاماژەیەکی گوماناوی بێ پاساو بەدی بکرێ کە پەیوەندیدار بێت بە چالاکیی ئەو بەرپرسانە یان کەسە نزیکەکانیان کە سوودمەندی یەکەمن لە چالاکییەکی دارایی، دەبێت رێکاری پێویست بگرێتەبەر بەبێ ئەوەی ئەو کەسانە ئاگادار بن.
ئەگەر بەرپرسێک ئامادە نەبێت سرووشتی پۆستەکەی بۆ بانکەکان باسبکات، دەبێت بانکەکان لێکۆڵینەوە لە سرووشتی پۆستەکەی بکەن.
بانکی ناوەندی چەند ئاماژە و پێنوێنییەکى دیاریکردووە بۆ ئەوەی بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان ئەگەر لە بەرپرسان بەدییان کرد، لێکۆڵینەوە بکەن، لەوانە نەگونجاندنی سەروەت و سامانەکەیان لەگەڵ سەرچاوەی داهاتەکەیان، ئەنجامدانی چالاکیی دارایی بە قەبارەیەکی زۆر لە کاتی بەڕێوەبردنی پۆستەکەیان و دواتر، حەواڵە و مامەڵە لەگەڵ وڵاتان و ئەو ناوچانەی بە "مەترسیدار" ناویان هاتووە بەبێ پاساوی ئابووریی روون، بەکارهێنانی لایەنی سێیەم یان کۆمپانیای خاوەن پەیکەربەندی ئاڵۆز بۆ شاردنەوەی سوودمەندی راستەقینە یان سەرچاوەی پارە، بەدیکردنی مامەڵەی دارایی بێ پاساوی ئەندامانی خێزانەکەیان یان کەسە نزیکەکانیان، بوونی زانیاریی نەرێنی و سەلمێنراو کە پەیوەستە بە گەندەڵی و بەرتیل و فێڵ و تاوانی دارایی، پێشکێشنەکردنی زانیاری و بەڵگەنامەی پێویست لەبارەی سەرچاوەی پارە و سەروەت و سامانەکەیان، بەدیکردنی گۆڕانکاریی لەناکاو و بێ پاساو لە شێوازی مامەڵەکان و قەبارەی ناردنە داراییەکانیدا.




