رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا عێراق ساڵی 2026ـی بەبێ پەسندکردنی یاسای بودجە بەڕێکرد، پێناچێت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووش لە کاتی خۆیدا پەسند بکرێت. نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا دەیانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی خۆی ئامادە بکات و لەگەڵ بودجەی فیدراڵیدا یەکبخرێت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەمساڵ بۆ نەمانتوانی بودجە دیاری بکەین؟ چونکە هیچ داهاتێک نەبوو. داهاتی دەرەوەی نەوت 15%ـە و نەوتیش ماوەیەکی زۆر راگیرابوو، بۆیە نەمانتوانی یاسای قەرزیش پەسند بکەین."
سەبارەت بە دۆخی ئێستا، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "خۆشبەختانە ئێستا هەناردەی نەوت دەتوانین بڵێین لە دوو ملیۆن بەرمیل زیاترە و نزیکە لە سێ ملیۆن بەرمیل، ئەوەش باشە."
نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێداگرن لەسەر پشکی کورد لە بودجە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوتەریب لەگەڵ بەغدا پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بە خۆی ئامادە بکات و لەنێو بودجەی فیدراڵیدا جێی بکاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ لەکاتی ئامادەکردنی بودجە و پێش هاتنی بۆ پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە ئامادەکاران، چونکە تایبەتمەندی و بودجەی کوردستان جیاوازە لە عێراق."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "دەمانەوێت هەرێمی کوردستان بودجەی خۆی بنێرێت و لەگەڵ بودجەی فیدراڵیدا پێکەوە بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران. ئەگەر لەوێ داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، ئەوکات کاری ئێمە ئاسانتر دەبێت و پاڵپشتیی ئەو پرۆژەیە دەکەین."
پلانی حکومەت و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ بودجەی 2027 ئەوەیە کە بۆ زیادکردنی داهات، پشت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی و کەرتی جیاواز لە نەوت ببەستێت، هەروەها خەرجییە حکومییەکان کەمبکاتەوە و دامەزراندنی نوێش لە پلانی حکومەتدا نییە.
دوایین جار لە ساڵی 2023 حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ناردە پەرلەمان و ساڵی 2026ـی بە پێشینەی مانگانە "سلفە" بەڕێکرد. بۆ ساڵی داهاتووش، حکومەت بەنیازە بودجەیەک ئامادە بکات کە کەمترین بەهەدەردانی تێدابێت، چونکە بەهۆی هەڕەشەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، داهاتووی داهاتی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراق، روون نییە.


