رووداو دیجتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە هەر پارێزگایەکی عێراق هەزار دۆنم زەوی تەرخانبکرێت بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازیی، هەروەها هەناردەکردنی مس، قورقوشم، ئاسن و ئەلەمینیۆمی بەهەموو شێوەکانییەوە راگرت.
یەکشەممە 30ی ئابی 2026، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیی عێراق بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی بەڕێوەچوو.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی فەرمانیداوە بە تەرخانکردنی هەزار دۆنم زەوی لە هەر پارێزگایەک بۆ ئەو پڕۆژە پیشەسازییانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدان و پیشەسازییەوە مۆڵەتیان بۆ دەردەچێت، بۆ ئەوەی لەو پارێزگایانە جێبەجێ بکرێن وەک هەوڵێک بۆ پاڵپشتیی پیشەسازیی ناوخۆیی.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا، قەدەخەکردنی هەناردەکردنی مس و بەرهەمە دروستکراوەکانی، ئەلەمینیۆم، قورقوشم و ئاسن بووە بە هەموو شێوەکانییەوە.
عەلی فالح زەیدی باسی لە گرنگیی باشکردنی پیشەسازیی نیشتمانی کردووە کە یەکێکە لە پایەکانی ئابووری و گوتوویەتی: "هێنانەدیی ناسنامەی پیشەسازیی وڵات پێویستی بە تووندکردنەوەی سنوورەکان و جێبەجێکردنی چاودێرى سیستەمی ئەسیکۆدا هەیە، لەگەڵ وەرگرتنی باج و گومرگی پێشوەختە."




