رووداو دیجیتاڵ
موەلیدە ئەهلییەکانی عێراق بڕیاریانداوە لە کاژێر 12ـی ئەمشەوەوە کارکردنیان رابگرن، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە گرانبوونی گاز و وەرگرتنی باج.
ئەو هەنگاوە لە لایەن هاوبەندیی موەلیدە ئەهلییەکانی عێراقەوە راگەیێنراوە بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت، بڕیارە کاژێر 12ی ئەمشەو 30ی ئابی 2026، موەلیدەکانیان بکوژێننەوە.
عەباس مەیاحی، سەرۆکی هاوبەندیی موەلیدە ئەهلییەکانی بەشی کەرخی بەغدا بە رووداوی راگەیاند؛ کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە.
هاوبەندیی موەلیدە ئەهلییەکان هۆکاری ئەو هەنگاوەیان بەستووەتەوە بە زیادبوونی باج و نەبوونی گازی پێویست.
بە گوتەی عەباس مەیاحی، پێشتر هەزار لیتر گازیان بە 500 بۆ 550 هەزار دینار دەکڕی، ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار دینار بەهۆى کەم بوونەوەى بەرهەمى پاڵاوتگە ئەهلییەکان و ئەو گازەش حکومەت بە 400 هەزار دینار دەیدات بە هەندێک لە موەلیدەکان، بەشی 10 رۆژ زیاتر ناکات.
ماوەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە عێراق لەنێوان 6 بۆ 14 کاژێر دەبێت کە بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت، ئەوەش بەهۆی کەمیی ماوەی کارەبای نیشتمانی و وەرزی گەرما و کەمبوونەوەی گازی هاوردەکراو لە ئێران، کە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای کەم کردووەتەوە بۆ بڕی پێویست کە زیاتر لە 50 هەزار مێگاواتە.
سەرۆکی هاوبەندیی موەلیدە ئەهلییەکانی بەشی کەرخی بەغدا رایگەیاند کە یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی ئەو هەڵوێستەیان بۆ کوژاندنەوەی موەلیدەکان ئەوەیە کە باجى کەڵەکەبوویان لێ وەردەگرن کە هەر خاوەن موەلیدەیەک دەبێت 30 بۆ 40 ملیۆن دینار بدات، بڕیار بوو لە یەکی ئەیلوولەوە ئەو پارەیە وەربگیرێت و دواخراوە بۆ یەکی تشرینى یەکەم.




