رووداو دیجیتاڵ بڕیاری حکومەت بۆ وەرگرتنەوە و رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، ناوماڵی ئەو هێزانەی دابەش کردووە؛ هەر لایەنێک و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لێکدانەوە بۆ داواکارییەکەی حکومەت دەکات. رێکخراوی بەدر بە فەرمی پاڵپشتی لە بڕیارەکەی حکومەت دەکات بۆ وەرگرتنەوەی چەک و ئامادەیی خۆی بۆ رادەستکردنی دەربڕیوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی رێڕەوێکی جیاواز دەگرنەبەر و دژی ئەو هەنگاوەن. مەهدی ئامرلی، پەرلەمانتاری سەر بە رێکخراوی بەدر لەبارەی هەڵوێستیانەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ رادەستکردنین، بەڵام لەم بابەتەدا پەلە ناکەین تاوەکو هەموو بارودۆخی عێراق ببەستینەوە بەم بابەتەوە. ئێستا هەموو لایەنەکان دژی ئەوەن چەک لە دەرەوەی حکومەت هەبێت، بەڵام پەیامم بۆ حکومەت ئەوەیە کە یەکەم هەنگاومان دەنگدان و تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی بێت، چونکە ئەوە پەیامێکی دڵنیاکەرەوە و گەرەنتی دەبێت بۆ هەمووان." لە بەرامبەردا، کەریم عەلێوی، پەرلەمانتارێکی دیکەی رێکخراوی بەدر ئامادە نەبوو لەسەر پرسەکە بدوێت و بە رووداوی گوتبوو: "نا، من قسە لەسەر ئەو بابەتە ناکەم." لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتارێکی نزیک لە کەتیبەکانی حیزبوڵا بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ رادەستکردنی چەک دەربڕی و حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی زانیاریی پێشوەختەی هەبووە لەبارەی بۆردومانەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی. میقداد خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حقوق بە رووداوی گوت: "من وەک خۆم نوسراوم بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەرزکردووەتەوە دەربارەی لێکۆڵینەوە لەوەی کە هەندێک لایەنی حکومی زانیاریی پێشوەختەیان هەبووە دەربارەی بۆردوومانەکانی ئەم دواییە، چونکە ئەوە بە خیانەت لە گەلی عێراق و خوێنی شەهیدانی بۆردوومانەکە ئەژمار دەکرێت." لە قۆناغی یەکەمدا، گرووپەکانی عەسائیبی ئههلی حهق، سەرایا سەلام، کەتائیبی ئیمام عەلی و ڕێکخراوی بەدر ئامادەییی خۆیان پێشان داوە تاوەکو ملکەچی بڕیارەکەی حکومەت بن. بەڵام لە بەرامبەردا گرووپەکانی حیزبوڵا، سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەی نووجەبا تاوەکو ئێستا نەچوونەتە ژێرباری بڕیارەکەی حکومەت لەبارەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان. عەلی زەیدی سەرەتا بە دەنگی بەرز داوای بێدەنگکردنی چەکەکانی بەرەی مقاوەمە و هێنانی بۆ ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی دەکرد و تەنانەت هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەشی لە گرووپەکان دەکرد، بەڵام ئێستا دەستەواژەی "ڕێکخستنەوەی چەک" جێگەی "رادەستکردنی چەک"ی گرتووەتەوە و حکومەتەکەی زەیدیش تۆنی دەنگی بەرامبەر گرووپەکان نزم کردووەتەوە.