رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەستیان بە رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی سەرانسەری وڵات کردووە. وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە رێکەوتی ئەمڕۆ چوارشەممەوە (26ـی ئابی 2026)، پرۆسەی ناردنی تەمویلی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئاب دەستیپێکردووە، تاوەکو فەرمانگەکان بتوانن لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن. ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوە دێت کە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی بەشێکی زۆر لە وەزارەت و دامەزراوەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەهۆی قەیرانی نەختینە (سیولە) و پەککەوتنی هەناردەی نەوتەوە لە تەنگەی هورمز لە وادەی خۆی دواکەوت و لە 28ی مانگ دەستیپێکرد. حکومەتی عێراق مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، پێویستی بە زیاتر لە 7.5 تریلیۆن دینارە.