رووداو دیجیتاڵ
عێراق و لیبیا چارەسەری کێشەی موڵکەکانیان لە لای یەکدی دەکەن و بڕیارە چەند یاداشتێکیش لە بەغدا واژۆ بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ى ئابى 2026، تاهیر باعوور، وەزیری دەرەوەی لیبیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانى هاوبەشیان کرد.
فوئاد حوسێن رایگەیاند: کێشەی دوو موڵکی عێراق لە لیبیا چارەسەرکراوە و لیبیاش دوو موڵکی لە عێراق هەبووە و یەکلایی کراوەتەوە.
موڵکەکانی عێراق لە لیبیا لە شارەکانی تەرابلوس و بنغازین و موڵکەکانی لیبیا لە بەغدان، ئەو موڵکانە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لە لایەن هەردوو وڵاتەوە کڕدراون.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە هەردوو وەزیر باسیان کردووە، پرسی رەوەندی عێراقی لە لیبیا و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لەبارەی تیرۆرەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی لیبیا لەگەڵ عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە و رۆژی دووشەممە 24ى ئابى 2026 چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)



