رووداو دیجیتاڵ
حەشدی شەعبی دەڵێ، چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای خورماتوو هێرشیان کردوەتە سەریان و هێرشەکەیان تێکشاندوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی لیوای 63ی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026 یەکێک لە خاڵەکانی فەوجی کۆماندۆی سەر بە لیواکە لە سنووری چیای ئیمام عەلی لە قەزای خورماتوو، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرشی کراوەتە سەر.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەکدارانی داعش بە ئاڕ پی جی هێرشیان کردوەتە سەر خاڵیکی لیوای 63ی حەشدی شەعبی و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە".
نوێنەرەکەی قەزای خوورماتوو ئاماژەی بەوەکرد، لەو ناوچەیەی هێرشەکە کراوە، بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە؛ باسی لەوەشکرد، زۆرجار ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی لیوای 63ی حەشدی شەعبی، "دەستبەجێ هێزەکانی فەوجی کۆماندۆ وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و لەگەڵ چەکدارە تیرۆریستەکان بەشەڕهاتن. چەکدارەکان ناچار بوون بەرەو شوێنە سەختەکان هەڵبێن، بێ ئەوەی بگەنە هیچ کام لە ئامانجەکانیان."
فەرماندەیی لیوای 63 کە هێزێکی تورکمانی شیعەمەزهەبە دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی "هەر جموجووڵێکی تیرۆریستی کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکاتە ئامانج".


