رووداو دیجیتاڵ
شاکر بەدر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر رایدەگەیێنێت کە ناوچەی "جورف سەخر" لە پارێزگای بابل لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبیدایە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات کە جورف سەخر پێش موسڵ مەڵبەندی سەرەکیی "تیرۆر" بوو و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش پێویستی بە وردبینییەکی ئەمنیی زیاترە.
رۆژی 20-08-2026 شاکر بەدر لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ناوچەی جورف سەخر (کە ئێستا ناوی گۆڕدراوە بۆ جورف نەسر) و گوتی، "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن هێزە ئەمنییەکان ناتوانن بچنە ناو جورف سەخر دوورن لە راستی و تەنیا پڕوپاگەندەی میدیایین. ئێستا ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبیدایە و هەر لیژنەیەکی حکومی بیەوێ، دەتوانیت سەردانی بکات."
شاکر بەدر گوتی، "ئەم ناوچەیە لە ساڵی 2003ـەوە تا کاتی رزگارکردنی، مەڵبەندێکی گەورەی رفاندن، کوشتن و بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل بوو. جورف سەخر وێستگەی سەرەکیی گواستنەوەی تیرۆر بوو بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاستی عێراق."
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی بەدر بەراوردکارییەکی لە نێوان جورف سەخر و ناوچەکانی دیکەی وەک (زلوعییە و ئامرلیی سەڵاحەدین) کرد و رایگەیاند: "لە زلوعییە و ئامرلی خەڵکەکە بەرگرییان کرد، بەڵام لە جورف سەخر زۆرینەی خەڵکەکە دەرگایان بۆ تیرۆریستان واڵا کرد. لە هەر 10 ماڵێک لەو ناوچەیە، نزیکەی 7 ماڵیان پەناگە و حەشارگەی تیرۆریستان بوون."
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، شاکر بەدر گوتی، بابەتەکە تەنیا رادەستکردنی ناوچەکە نییە، بەڵکو پێویستی بە پلانێکی ئەمنیی تۆکمە و بونیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکەیە؛ گوتیشی: "هەزاران کەس بەهۆی ئەو تیرۆریستانەی لەم ناوچەیە بوون، کوژران، بۆیە پێویستە وردبینییەکی ئەمنیی زۆر ورد بۆ هەموو ئەو خێزانانە بکرێ کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە، چونکە زۆر خێزان هەن بە تەواوی لەگەڵ داعش تێوەگلاون."
شاکر بەدر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند کە حکومەت لە هەموو مەلەفەکاندا، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک، بە جیدی کار دەکات.
پەرلەمانتارەکە گوتی، وەک فراکسیۆنی بەدر داواکارییەکیان داوەتە سەرۆکوەزیران بۆ کاراکردنی یاسای حەشدی شەعبی و رایگەیاند: "واژۆی پەرلەمانتارانمان کۆکردووەتەوە تاوەکو یاسای حەشد لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێ بۆ دەنگدان، سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە نیشان داوە."
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەڵێن رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە رەهەندی تایفەگەری هەیە، شاکر بەدر گوتی: "ئەم بابەتە نابێت بکرێتە کەرەستەی تایفەگەری و سیاسی. عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە و بەرگەی ناوزڕاندنی هێزە ئەمنییەکان ناگرێ. ئەو هێزانەی جورف سەخریان پاراستووە، خوێنیان بۆ رزگارکردنی خاکی عێراق بەخشیوە."


