رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا، خوێندنی کوردی لە قەزای خورماتوو پاشەکشەی گەورەی کردووە؛ بە جۆرێک ژمارەی قوتابخانە و باخچەکانی منداڵان لە 55ـەوە بۆ 35 کەمبووەتەوە.
تاریق ئەحمەد، بەرپرسی بەشی خوێندنی کوردی لە قەزای خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 120 قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە سنووری قەزای خورماتوو، 35ـیان خوێندنی کوردین و هەندێکیان لە هەمان قوتابخانەی خوێندنی عەرەبین و دوو یان سێ دەوامی تێدا دەکرێت".
لە خورماتوو 22 قوتابخانەی سەرەتایی و دە قوتابخانەی ناوەندی و سێ باخچەی منداڵان هەن، کە خوێندنی کوردین.
تاریق ئەحمەد رایگەیاند کە بەر لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، ژمارەی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی 55 قوتابخانە و باخچەی منداڵان بوون.
ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار قوتابی لە قوتابخانە و باخچەی منداڵانی بەشی خوێندنی کوردی لە خورماتوو دەخوێنن، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانیان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێکی دیکەشیان لەسەر حکومەتی فیدراڵین.
بەرپرسی بەشی خوێندنی زمانی کوردی لە خورماتوو رایگەیاند، 450 فەرمانبەر و مامۆستای خوێندنی کوردی لە سنووری قەزاکەیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 600ـی دیکەیان سەر بە حکومەتی ناوەندین.




