رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە نەجەف کەسێکیان دەستگیرکرد کە چوار درۆنی وێنەگرتن و 11 ئامێری جی پی ئێسی (GPS) پێبووە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کەسێکیان لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکردووە کە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە بازاڕگەریی بۆ فرۆشتنی درۆنی وێنەگرتن و ئامێری جی پی ئێس کردووە.
ئەو کەسە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا چوار درۆنی وێنەگرتن و چوار ئامێری نهێنیی وێنەگرتن و 11 ئامێری جی پی ئێسی پێبووە، کە بەگوێرەی ئەو وەزارەتە ئەو ئامێرانە قەدەخەن.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو کەسە بەگوێرەی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیرکراوە، کە سزاکەی لە نێوان بەندکردنی هەتاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.



