رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق گشتاندنێکی خۆپارێزی ئاراستەی بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات و جەخت دەکاتەوە کە نابێت دەستبەرداری سیمکارتەکانیان بن.
رۆژی چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق گشتاندنێکی بۆ بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڵاوکردەوە.
لەو گشتاندنەدا دەستەکە داوا لە سەرجەم بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، کە ژمارەکانیان بۆ چوونە نێو ئەپڵیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان سەکۆ و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی دەستگەیشتنیان بە هەژمارەکانیان و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە لەو ئەپڵیکەیشنانەی دەکرێت زیاد لە ژمارەیەکی تێدا بەکاربهێندرێت، ژمارەی مۆبایلی کۆمپانیایەکی دیکەی تێدا بەکاربهێنن لەگەڵ سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم و پشت بە ژمارە نوێیەکە ببەسترێت بۆ وەرگرتنی کۆدی دڵنیابوونەوە و وەرگرتنەوەی هەژمارەکە.
ئەگەر ئەپڵیکەیشنێکیش تەنیا یەک ژمارە تەلەفۆن وەربگرێت، تێیدا پشت بە ژمارەی تەلەفۆنی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە ببەسترێت لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبوونی.
هەروەها دەستەکە داوای لە بەکارهێنەرانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کردووە کە هۆکاری جێگرەوەی وەک ئیمەیڵ بەکاربهێنن بۆ ئەو ئەپڵیکەیشنانەی ژمارەی کۆڕەکی تێدا بەکاردەهێنن.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاندووە کە ئەمە رێکارێکی خۆپارێزییە و مانای ئەوە نییە کە بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم دەستبەرداری ژمارە تەلەفۆنەکانی ئێستایان بن یان هەڵیبوەشێننەوە.
پێشتر لە 9ـی ئابی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، بەگوێرەی راسپاردەی لیژنەیەکی حکومی کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ساڵی 2025 رەزامەندی لەسەر داوە، تاوەکو پاکتاوکردن لەنێوانیان بکرێت و لە بەرامبەردا گرێبەستی کارکردن بە خزمەتگوزاریی نەوەی چوارەمیان پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو 2ـی حوزەیرانی ئەمساڵ چەند نووسراوێک لەنێوانیان ئاڵوگۆڕکراوە بەبێ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم واژۆکردنی گرێبەستی کارپێکردن بە خزمەتگوزارییەکە چارەسەر بکرێن و بەهۆیەوە دەستەکە گرێبەستی پاکتاوکردنەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاندبووی، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو دەستەیە دەسەڵاتی ئەوەی نییە گرێبەستی پاکتاوکردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتی باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆمپانیاکە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوە و بەردەوامیش دەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانیان.


