رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان لە بەغدا گردببنەوە، ئەوەش دژی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری هەواڵگریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای دەستەی حەشدی شەعبی کە یەکێکە لە فەرماندەکانی بزووتنەوەی نەجەبا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستەی حەشدی شەعبی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانگەوازەکە لەلایەن جەماوەری موقاوەمە لە عێراق کراوە و بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بەغدا گردبوونەوەکە بەڕێوەبچێ."
لە بانگەوازێکدا کە لە گرووپەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان بڵاوکراوەتەوە و ئاراستەی ئەندام و لایەنگرانیان کراوە، هاتووە، "داواتان لێدەکەین بەشداربن لە هەڵوەستەیەکی ناڕەزایەتی دژی ئەو رەفتارە هەڵانەی بەرامبەر یەکێک لە تێکۆشەرانی دەستەی حەشدی شەعبی (فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا) کراوە."
سەرچاوەکەی حەشدی شەعبی گوتی "ئەمە بانگەوازی فەرمی حەشدی شەعبی نییە."
رۆژی دووشەممە هێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، عەباس حوسێن یەعقوبی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی لە ماڵەکەی خۆی لە ناحیەی فەزلییە لە پارێزگای زیقار دەستگیرکرد.
ئامانجی گردبوونەوەکە وەک لە بانگەوازەکەدا هاتووە، بەرزکردنەوەی دەنگە دژی "ئاژاوە و ئەو بانگەوازە دەرەکییانەی بۆ شەڕی ناوخۆ دەکرێن." ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو هەوڵانە لە لایەن "تۆم باراک و لایەنەکانی دیکەوە" دەسەپێندرێن.
بڕیارە گردبوونەوەکە کاژێر 17:00 لە شەقامی فەلەستین بەڕێوەبچێت.



