رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و بکەرانی ئەو هێرشە دا، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
رۆژی دووشەممە 17-8-2026 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ "ئاشکراکردنی سەرچاوە و هۆکارەکانی ئەو دەستدرێژییەی کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هەولێر.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە زووترین کاتدا بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە و هەموو وردەکارییەکانی هێرشەکە و ئەو لایەنانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاژێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ دەرەوە کاردانەوەیان لێکەوتەوە. رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج." هەروەها دەڵێت: "ئەم هێرشانە بە تەواوی رەتکراوە و پەرەسەندنێکی مەترسیدارن."
بارەگای بارزانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون و راشکاوانە و ئاشتیخوازانە بووە. هەربۆیە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازنەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە."
هەروەها مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئەو کارە نائەخلاقییە و هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێمی کوردستان و بەشێکی بنەڕەتیی دامەزراوەکانی عێراق."
ئەمریکاش لە رێگەی نێردەکەیەوە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەمڕۆ دووشەممە 17-08-2026، تۆم باراک لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردەوەم رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دۆست و هاوبەشی کوردی بەنرخمان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی لە هەولێر دەکەین."
تۆم باراک دەڵێت: "ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر هاوپەیمانە کوردە باوەڕپێکراوەکانمان قبووڵنەکراوە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە."
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە واشنتن بە تەواوی پشتگیری لە سەرکردایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ گێڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ وڵات و گەرەنتیکردنی ئەوەی کە سەرجەم چەک و هێزە ئەمنییەکان تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی ململانێکانەوە تائێستا هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 1000 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، بەهۆیانەوە 32 کەس کوژراون و 156 کەسیش بریندار بوون.




