رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێ، بڕی 350 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران خەرج دەکرێ و بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ.
مستەفا نەزار، وەزیری بازرگانیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 17 ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق شایستەکەی دیاریکرد، دەست بە خەرجکردنی 350 ملیار دینار شایستەی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێ.
وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، خەرجکردنی ئەم پارەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتە بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی متمانەیان بە سیاسەتی کشتوکاڵی، تاوەکو بەردەوام بن لە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.
وەزیری بازرگانیی عێراق جەختی کردەوە کە دابینکردنی مافی جووتیاران لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە، چونکە کەرتی کشتوکاڵ رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی دەرەکی دەگێڕێ؛ گوتیشی: "گەنمی ناوخۆ بەرهەمێکی ستراتیژییە و پێدانی پارەی جووتیاران هانیان دەدات بۆ زیادکردنی رووبەری چاندن و گەیشتن بە ئاستی بەرزتر لە خۆبژێوی."
وەزیری بازرگانی عێراق روونیکردەوە، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی هەموو ئەو پارەیەی لای حکومەت ماوە، تاوەکو هەموو ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەست کردووە، شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
هاوکات حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق بە رووداوی گوت:" ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری یەکێتی جووتیارانی عێراق و ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە تاوەکو بڕی پارەی خەرجکراو بە گوێرەی سایلۆکان دیاری بکەین".
حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێ و تۆنی بە 700 هەزار دینارە؛ هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا و تۆنی بە 500 هەزار دینار بوو. بڕی 141 ملیار پارەی گەنمی پێشووش لای حکومەتی عێراق ماوە.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.
بەو پارەی ساڵی پێشوو، بەگشتیی نزیکەی 400 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراقە.


