رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی فەرماندەکانی بەرگریی ئاسمانی کرد تاوەکو گەرەنتیی پاراستنی ئاسمانی عێراق بکرێ.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026 ئەنجامدرا، کە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق تێیدا بەشداربوو.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پلانەکان کراوە بۆ بونیاتنان و پەرەپێدانی توانای بەرگریی ئاسمانی، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەرییەکەی بکرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەو گرێبەستانە کراوە کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کراون بۆ دابینکردنی پێداویستیی بەرگریی ئاسمانی لە سیستمی پێشکەوتوو، هەروەها باس لەوە کراوە کە دەبێ پەلە بکرێ لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو گرێبەستانە و هاوردەکردنی پێداویستییەکانیان بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئامادە بێت بۆ چاودێریی ئاسمانی عێراق و کۆنترۆڵکردنی.


