رووداو دیجیتاڵ
دادگەی عێراق دەستبەسەرداگرتنی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار و 60 کیلۆگرام زێڕی لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان راگەیاند.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026 رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، توانراوە دەست بەسەر بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 ملیۆن دیناری عێراقیدا بگیرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەر لەو پرۆسەیەدا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، توانراوە 60 کیلۆگرام زێڕ بگەڕێندرێتەوە و دەستیش بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلدا بگیرێت، کە سەرجەمیان پەیوەندییان بە تۆمەتبار عەدنان جومەیلی و ئەو لایەنانەوە هەیە کە تێوەگلاون.
دادوەری تایبەتمەند ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێکارانەی بەدواداچوون و گەڕان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەستکەوتە داراییانە بووە کە لە ئەنجامی "بەهەدەردانی سامانی گشتی لە پرۆژە جێبەجێکراوەکاندا" لەلایەن تۆمەتبار و هاوکارانییەوە بەدەست هاتوون. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردن و راوەدوونانی هەموو ئەو کەسانەی دیکە کە لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون، تاوەکو رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان تەواو بکرێت.
عەدنان جومەیلی، کە رۆژی 30ـی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا، یەکێک بوو لە دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی کەرتی نەوت لە سەردەمی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانیدا.
تاوەکو ئێستا دەست بەسەر چەند سامان و موڵکی جومەیلیدا گیراوە؟
یەکشەممە 26-07-2026، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرە، دەست بەسەر 27 ملیار دیناردا گیرا.
هەروەها رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، وردەکاریی نوێی لەبارەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە چەند شوێنێکی جیاوازی پارێزگای سەڵاحەدین دەست بەسەر 13 ملیار دیناری عێراقی و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە، کە حەشار درابوون. هەروەها دەست بەسەر 40 پارچە زێڕی قاڵبدا گیرا، کە کێشی هەر دانەیەکیان یەک کیلۆگرامە، لەگەڵ پێنج کیلۆگرام زێڕی دیکە، کە بە شێوەی خشڵ و ملوانکە و دەستبەن بووە.
پێنجشەممە 16-07-2026، دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە دادگەی کەتنی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، لە چوارچێوەی دۆسیەی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەست بەسەر 25 ملیار دیناری عێراقی، 200,000 دۆلاری ئەمریکی و چوار کیلۆگرام زێڕی نەخشێنراودا گیراوە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، بڕیاری داوە دەست بەسەر نۆ باڵەخانەی بازرگانی و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردا بگرێت لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی و ئەو کەسانەی دیکە کە تێوەگلاوی دۆسیەکەن؛ بەهای باڵەخانەکان بە 45 ملیار دینار و کارگەکانیش بە 24 ملیار دینار خەمڵێندراون.
هەر هەمان رۆژ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، 358 کیلۆ زێڕی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە و رادەستی بانکی ناوەندیی عێراق کرا. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راشیگەیاند، 17 کیلۆگرامی دیکە زێڕ لە دۆسیەیەکی دیکەدا دەستی بەسەردا گیراوە و بە تێکڕا ئەو زێڕەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی گەڕێندراونەتەوە گەیشتە 375 کیلۆ و رادەستی بانکی ناوەندی کراون.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، کە ئێستا دەستگیرکراوە، توانراوە دەست بەسەر 14 ملیار دیناری دیکەدا بگیرێت.
دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا نوێترین ئاماری دەستگرتن بەسەر ئەو پارەیەی بڵاوکردەوە کە لە دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلیدا بووە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەڵێت، 25 ملیار دینار، یەک ملیۆن دۆلار و پێنج کیلۆ زێڕی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلی و ئەو کەسانەی دیکە کە لە دۆسیەکەدا تێوەگلاون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە شەشی تەممووزدا رایگەیاند، تێکڕای ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، ئەوە جگە لە مۆڵ و ئۆتۆمبێل و زێڕی دیکە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.

