رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای داقووق، بۆمبێکی چێندراو بە هێزێکی سوپای عێراقدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەر و سەربازێک بریندار بوون. بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و یەکێک لە ئەفسەرەکان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.
سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی داقووق بە تۆڕی میدیایی ڕووداو راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ سێ برینداری هێزە ئەمنییەکان کە سەر بە لیوای 44ی فیرقەی 11ی سوپای عێراقن، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان. برینداربوونی ئەوان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە لە ناوچەی چەمی رۆخانە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق رایگەیاند، رائید فازڵ عەباس کازم، تەمەن 36 ساڵ، خەڵکی پارێزگای بابلە برینەکەی لە قاچی راستیدایە؛ ملازمی یەکەم سەمیر سابیر ئەحمەد، تەمەن 25 ساڵ کە خەڵکی قەزای زاخۆیە، برینەکەی لە دەستی چەپیدایە. هەروەها غەیس عەلی کازم، تەمەن 35 ساڵ، خەڵکی بەغدایە بەهۆی تەقینەوەکەوە تووشی ئازار لە چاوەکانیدا بووە."
سەمیر جاسم ئاماژەی بەوەش کرد، برینی بریندارەکان سەخت نییە و تەندروستییان جێگیرە. گوتیشی، "تیمە پزیشکییەکانیان دەستبەجێ رێکارە پێویستەکانیان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان گرتووەتە بەر و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان."
تەقینەوەکە لە کاتێکدا روویداوە کە هێزەکەی سوپای عێراق لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردندا بوون لە چەمی رۆخانە (وادی شای). سرووشتی ناوچەکە سەختە و ناوبەناو چەکدارانی داعش بۆ خۆشاردنەوە و هێرشکردن بەکاری دەهێنن.

