رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار شێوازی نوێی بودجە کە بە "بودجەی بەرنامە" ناسراوە، بۆ ساڵی داهاتوو لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگا جێبەجێ دەکات.
وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بودجە لە کۆبوونەوەی نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فالح سارى، وەزیری دارایی فیدراڵ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسکراوە، کە لە 10ی ئابی 2026 کرا.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بووە لەو کۆبوونەوەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە بودجەی بەرنامە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە هەردوو پارێزگای دیوانییە و سەلاحەدین، هەروەها وەزارەتی کارەبا و دارایی وەک ئەزموون جێبەجێ دەکرێت.
بودجەی بەرنامە، خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەک وەزارەتەکان؛ هەر سێکتەرێک خەرجیی بۆ تەرخان دەکرێت و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێت، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت.
دانەر غەفار رایگەیاند: بۆ یاساکانی بودجەی ساڵانی دواتر کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئەو شێوازە بودجەیە لە سێکتەرەکانی دیکەدا جێبەجێ بکرێت.
ئەوە یەکەمجارە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پەنا بۆ بودجەی بەرنامە ببات، پێشتر لەسەر شێوازی بودجەی بڕگە کاری دەکرد.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژە بەوە درا کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 لەلایەن حکومەتەوە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام وردەکارییەکەی باس نەکرا کە قەبارەکەی چەند دەبێت."
ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو کە لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوازدەی خەرجیی 2025 کاری دەکرد؛ بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و بەر لە کۆتایی ساڵیش پەسند بکرێت.



