رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی گەرما لە عێراق بەردەوامە و لە شەش پارێزگا پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی عێراقیش هۆشداری دەدات کە بەهۆی شێی زۆر و نەبوونی با، پلەی گەرمیی "هەستپێکراو" زیاترە لەوەی تۆمار دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، مەحموود عەبدوللەتیف، سەرۆکی بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم دۆخەی گەرما بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت. ئەوەی زیاتر خەڵک بێزار دەکات، تەنیا پلەی گەرماکە نییە، بەڵکو بەرزبوونەوەی رێژەی شێ و نەبوونی بایە، کە وادەکات پلەی گەرمای هەستپێکراو زۆر زیاتر بێت."
سەرۆکی بەشی کەشناسیی عێراق روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، "ئەگەر پلەی گەرما 50 پلە بێت، هاووڵاتییان بەهۆی شێی زۆرەوە وەک 53 پلە هەستی پێدەکەن."
بە گوتەی مەحموود عەبدوللەتیف، ئەم شەپۆلە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت و پلەی گەرما بەتایبەتی لە باشووری عێراق لە دەوری 50 پلەدا دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی کەشناسیی عێراق بۆ رۆژی چوارشەممە، هەر شەش پارێزگای واست، نەجەف، میسان، زیقار، موسەننا و بەسرە پلەی گەرمی تێیاندا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
مەحموود عەبدولـەتیف ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە هیچ ئاسۆیەکی دابەزینی پلەی گەرما نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای ئەو هەفتەیە گۆڕانکارییەکی بەرچاو روو بدات و پلەی گەرما دەست بە دابەزین بکات.



