رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و دەستەی دەستپاکی عێراق، پەردە لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە شارەوانیی ناسریە لادەدەن کە وەک "حکومەتێک لەنێو حکومەتدا" کاریان کردووە؛ تێیدا رێگری لە دزینی زیاتر لە 20 ملیار دینار کراوە و 28 فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرکراون.
ئەحمەد سەلیم، ئەندامی لیژنەی دەسپاکی و گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی شارەوانیی ناسریە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی. لێکۆڵینەوەکان تۆڕێکی فراوانیان ئاشکرا کردووە کە مۆری فەرمی و واژۆیان لایە و بە ئارەزووی خۆیان مامەڵەیان کردووە."
40 هەزار پارچە زەوی و گەڕانەوەی 20 ملیار دینار
بەگوتەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگا، پرسی دابەشکردنی زەوی گەورەترین دەروازەی گەندەڵییەکە بووە؛ تێیدا زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون کە گومانی زۆریان لەسەرە.
ئەحمەد سەلیم دەڵێت: "ژمارەی وەهمی بۆ زەوییەکان بەکارهێنراوە و چەندین شوێنی نایاب کە دەبوو بە زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن، بە نایاسایی بۆ کەسانێکی دیاریکراو تەرخانکراون."
وەک کاردانەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا کۆنووسەکانی پێشووی دابەشکردنی زەوییە نایابەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی نزیکەی 20 ملیار دینار بۆ بودجەی پارێزگاکە. هەروەها گۆڕینی رەگەزی زەوییە سەوزاییەکان بۆ نیشتەجێبوون بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کرا و بڕیاری دوورخستنەوەی هەموو ئەو فەرمانبەر و بەرپرسانە درا کە گومانیان لەسەرە.
دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکان
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای زیقار بە رووداوی راگەیاند، درەنگی شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنیی هاوبەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەد عەبد لیلۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی ناسریە و بە تۆمەتی هەدەردانی سامانی گشتی و ساختەکاری دەستگیریان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسانەی تائێستا لەم دۆسیەیەدا دەستگیرکراون بریتین لە:
محەممەد عەبد لیلۆ: بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی ناسریە.
قەحتان عەدنان عەنبەر: بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ناسریە.
بەشار لەتیف موزیەد: یاریدەدەری بەڕێوەبەری موڵکایەتی لە شارەوانیی ناسریە.
عەلی رەزاق محەممەد: فەرمانبەری شارەوانی و بەرپرسی نووسراوەکان.
تالیب فالح وادی: فەرمانبەر لە لیژنەی زەوییەکانی پارێزگا.
مستەفا جاسم هۆل: فەرمانبەر لە بەشی کۆنووسەکانی شارەوانی.
عەلی نازم فەرتووسی: وەک نێوەندگیر (دەڵاڵ) کاری کردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە "هەڵمەتی بەرەبەیان" کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی تۆڕە نایاساییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەستیپێکردووە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی دەستگیرکراوان زیاتر ببێت.

