رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بیابان لە موسەننا پێکدەهێنێت کە هاوسنووری سعودیەیە. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، ئەو هەنگاوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی ناوچەکە و رێگریکردنە لە هێرشکردن لەو سنوورەوە.
بڕیاری پێکهێنانی ئەو فەرماندەییەی ئۆپەراسیۆنانە لەلایەن میدیای فەرمیی عێراقەوە لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئەو هێزە بە ناوی (فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بیابان) دەبێت. بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لە بیابانی پارێزگای موسەننا و ناوچەکانی دەوروبەری، هەروەها بەهێزکردنی هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی دیکەدا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێکهێنانی ئەو هێزە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنییە لە بیابانی موسەننا، هەروەها بۆ رێگریکردنە لە هەر هێرشێک کە لەو سنوورەوە ئەنجام بدرێ".
پارێزگای موسەننا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و بیابانەکەی هاوسنووری سعودیەیە.
لە 28ی تەممووز، سعودیە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی و رۆژێک دواتر بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا 20 چەکداری گرووپە چەکدارەکان کوژران و 32ی دیکە بریندار بوون.


