رووداو دیجیتاڵ
زۆرجار دەگوترێت "مێژوو بە دەستی براوەکان دەنووسرێتەوە"، بەڵام ئەمە هەمیشە راست نییە. هەندێک جار ئەو پاشایانەی بە فێڵ و کوشتار دەسەڵات دەگرنە دەست، هەوڵدەدەن بەشە رەش و خوێناوییەکانی مێژوو بشارنەوە و ناوی نەیارەکانیان بسڕنەوە، بەڵام دواجار راستییەکان ئاشكرا دەبن.
ئەمە هەر ئەوەیە کە روویداوە. زانایانی شوێنەوارناسی، تازە سێ پاشای نوێی ئاشوورییەکانیان دۆزیوەتەوە کە بۆ زیاتر لە سەدەیەک وا دەزانرا مێژووەکەیان بەتەواوی نووسراوەتەوە.
ئەم دۆزینەوەیە چۆن کرا؟
دوو زانای پسپۆڕی مێژووی ئاشوورییەکان، ئەلێکساندەر ئیدمۆندز لە ئەڵمانیا و ئێکارت فرام لە زانکۆی یێل-ی ئەمریکا، لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری (Cuneiform Studies) بڵاوکراوەتەوە، باسیان لە دۆزینەوەی ئەم سێ پاشا نەناسراوەی سەردەمی ئاشووریی نوێ (نزیکەی 1000 بۆ 609 پێش زایین) کردووە.
فرام دەڵێت: "ئەمە سووپڕایزێکی گەورە بوو، هیچ کەسێک پێی وا نەبوو هیچ پاشایەکی دیکە لەو سەردەمەدا هەبووبێت... بەڵام دەرکەوت کە ئەم سێ پاشایە لە تاریکیدا شاردرابوونەوە. ناویان لەسەر چەند تابلۆیەکی قوڕینی کۆن هەبوو کە پێشتر بەباشی لێیان تێنەگەیشتبوون."
تابلۆیەکی قوڕینی تێکچوو کە بەخەتی مێخەکی بەخشینی شاهانەی لەسەر تۆمارکراوە؛ ئەم تابلۆیە هاوکاربوو لە ئاشکراکردنی یەکەم پاشای نەناسراوی ئاشووری بەناوى (تیگلات-پیلێسەر). (مۆزەخانەی بەریتانی و دەستپێشخەری کتێبخانەی دیجیتاڵیی مێخەکی)
ئەم سێ پاشایە کێن؟
ئەم سێ پاشایە خاڵی هاوبەشیان هەبووە. هەرسێکیان لە پایتەختی ئاشوورییەکان (ئاشوور – سنووری شەرگات لە نەینەوای ئێستا) چوونەتە سەر تەختی دەسەڵات، لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە پشتگیری کراون، بەڵام دەسەڵاتەکەیان زۆر کورت بووە و نەگەیشتووەتە دوو ساڵ، دواتر لادراون و مێژووەکەیان سڕدراوەتەوە.
🏛️ تیگلات-پیلێسەر (763 بۆ 762 پێش زایین):
ناوی لەسەر تابلۆیەکی قوڕینی تێکچوو لە نەینەوا دۆزراوەتەوە کە 125 ساڵ لەمەوبەر بڵاوکرابووەوە، بەڵام پێشتر زانایان بە هەڵە وایان دەزانی ئەمە پاشا (تیگلات-پیلێسەری سێیەم)ـە کە دەیان ساڵ دواتر فەرمانڕەوایی کردووە. مێژوو دەڵێت، لەو کاتەدا پەتایەک و خۆرگیرانێکی ترسناک روویداوە کە بووەتە هۆی راپەڕین و پێدەچێت ئەم پاشایە دژی برازاکەی (ئاشوور-دانی سێیەم) راپەڕیبێت و پێکەوە حوکمیان کردبێت.
🏛️ شەلمانێسەر (747 بۆ 745 پێش زایین):
ناوی لەسەر کێلێکی بەردین دۆزراوەتەوە کە ساڵی 1894 لە عێراق دۆزراوەتەوە، بەڵام ناوەکەی سڕدراوەتەوە و ناوی جێگرەوەکەی (تیگلات-پیلێسەری سێیەم) لەسەری نووسراوەتەوە. ئەم سەردەمە پڕ بووە لە ئاژاوە، کودەتا و هێرشی هۆزە کۆچەرییەکان.
دیمەنی کێلە بەردینەکە کە بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ژێر پاشماوەی کێلێکی دیکەدا پاڵکەوتووە و کەوتبووە ژێر زەوی. (ئیدمۆندز و فرام، گۆڤاری توێژینەوەی مێخەکی)
🏛️ ئاشوور-ئوبالیت (913 بۆ 912 پێش زایین):
ئەم پاشایە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت فەرمانڕەوا بووە، دواتر لادراوە، پەیکەرەکەی شکێندراوە و مێژووەکەی سڕدراوەتەوە. لەسەر تابلۆیەک نووسراوە کە زیوی دابینکردووە بۆ دروستکردنەوەی قاپێکی بیرە بۆ رێزگرتن لە خوداوەندی ئاشوور. سەری پەیکەرەکەشی لێ کراوەتەوە و دەستەکانی شکێندراون و دواتر کراوە بە کێلێک بۆ پێداهەڵدانی ئەو شازادە نایاساییەی کە جێگەی گرتووەتەوە.
📜 دارئاسای نەژادناسی و ریزبەندیی دۆزینەوەی پاشاکانی ئاشوور
(پاشا دۆزراوە/سڕدراوەکان بە رەنگی وەنەوشەیی تۆخ لەگەڵ هێمای ئەستێرە (*) دیاری کراون)
(935*–نزیکەی 913*)
(نزیکەی 913*–912*)
(912*–891)
(891–884)
(883–859)
(859–824?)
(826?–820?)
(824?–811)
(811–783)
(763–762?)
(783–773)
(773–755)
(755–نزیکەی 747)
(745–727)
(نزیکەی 747–745)
(727–722)
(722–705)
بۆچی ئەمە گرنگە؟
ئەم دۆزینەوەیە دەریدەخات کە مێژووی ئاشوورییەکان هێندە بێگەرد و گوڵڕێژ نەبووە وەک ئەوەی لە "لیستی پاشاکانی ئاشوور"دا نووسراوە، کە تێیدا وا نیشان دەدات دەسەڵات زۆر بە ئاشتییانە لە باوکەوە بۆ کوڕ دەستاودەست کراوە.
فرام دەڵێت: "وا دیارە ئەو لیستە تەنیا وێنەیەکی جوانی خەیاڵییە کە تێیدا هەموو کودەتا، ئاژاوە و شەڕێک سڕدراوەتەوە."



