رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چاککردنی دۆخی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی کابینەی حکومەت کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، شەوی دووشەممە 10ی ئابی 2026، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی خولیی خۆیان لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، راگەیاندنی نزیکبوونەوەی کاتی تەواوکردنی کابینەی حکومی بوو. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پڕۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەت گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرجەم وەزارەتەکان پڕ دەکرێنەوە.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراق لە هەردوو لایەنی حکومی و یاسادانان تاوتوێ کراون. لایەنەکان بە وردی باسیان لە دۆخی خزمەتگوزارییەکان و دۆسیەی ئەمنی کردووە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، بەڵکو مەترسی و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەش بەشێکی گفتوگۆکان بوون.
14ی ئایاری ئەم ساڵ، دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی درا؛ بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت. پێنج وەزارەتیش نەخرانە دەنگدانەوە.



