رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، عەلی زەیدی بەڵێنی داوە کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هاوکات دڵنیاییشی داوە کە هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەراندا نییە.
د. رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، داوامان کرد چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەتی کێشەی سووتەمەنی و بەنزین؛ ئەویش بەڵێنی دا کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات."
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە (10ـی ئابی 2026) بووە، د. رێبوار کەریم گوتی: "داوامان کردووە مووچەی هەرێمی کوردستان هاوکاتی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ دابەش بکرێت، نەک مانگانە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی عێراق ئینجا خەرج بکرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران بە روونی گوتوویەتی کە کێشەی مووچەیان نییە، وەزیری دارایی عێراقیش پێشنیازەکەی بۆ هاوکاتکردنی دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان و عێراقی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام گوتوویەتی کە "پێویستی بە رێکخستنی زیاترە" و لەم رۆژانەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
سیستمی ئەسیکۆدا و شەفافیەتی داهات
هەر لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا، د. رێبوار کەریم باسی لە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" بۆ گومرگەکان کرد و رایگەیاند، عەلی زەیدی پێی راگەیاندوون کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو سیستمە رێککەوتوون و "لەم رۆژانەدا ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت." جەختیشی کردەوە کە ئەم سیستمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ شەفافکردنی داهاتەکان.
نرخی دۆلار و بودجەی 2027
سەبارەت بە دۆخی دارایی عێراق، پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکوەزیران دڵنیایی داوە دەستکاریی نرخی دۆلار ناکرێت. هەروەها پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی داوە کە پێویستیان بە چاپکردنی پارەی نوێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان نییە.
لەبارەی پلانەکانی داهاتووشەوە، د. رێبوار کەریم ئاشکرای کرد کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، سەرنجی سەرەکیی بەغدا لەسەر کەرتی کارەبا دەبێت و پلانی حکومەتەکەی زەیدی ئەوەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا کێشەی کارەبا لە عێراق بە یەکجاری چارەسەر بکات، ئەمەش لە رێگەی پڕۆژەی زەبەلاح کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییە گەورەکانەوە جێبەجێ دەکرێن.


