رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراو بۆ رێکخستنەوەی
گرووپە چەکدارەکان، ناکۆکیی نێوان حکومەتی عێراق و ئەو گرووپانە زیاتر دەبێت و بەغدا
هۆشداری دەدات کە دوای 30ی ئەیلوول، "یاسا و دەستوور قسەی یەکلاکەرەوەیان دەبێت."
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند:
"لە دوای 30ی ئەیلوولەوە یاسا و دەستووری عێراق قسەی یەکلاکەرەوەی دەبێت. زۆر
ئاساییە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور و دەوڵەت پەیوەست بێت بە
ئامرازەکانی بەردەستییەوە. کەس گومانی لەوە نییە کە دەوڵەت دەتوانێت کاروبارەکانی
ئەم دۆسیەیە بگرێتە دەست."
لیژنەی تایبەت بە کۆکردنەوەی چەک لە وەزارەتی
ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ مانگدا 71 بارەگای داخستووە کە بەناوی حەشدی شەعبی
کرابوونەوە، حەشدیش رەتی دەکاتەوە ناوبانگی دەستەکەیان لەکەدار بکرێت.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی
وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "لیژنەکەمان 71 بارەگای وەهمی داخست کە بانگەشەی
ئەوەیان دەکرد سەر بە دەستەی حەشدی شەعبین." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد،
"هەر درۆنێک لە چوارچێوەی سنووردار و دیاریکراوی خۆیدا نەبێت، بە یاسای تیرۆر
مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
ئێستا عێراق لە نێوان دوو بەرەدایە؛ دەوڵەت پشت
ئەستوور بە یاسا و پشتیوانی نێودەوڵەتی دەیەوێت چەک کۆبکاتەوە، گرووپە چەکدارەکانیش
پاڵپشت بە بیروباوەڕی خۆیان دەستیان بە پەلاپیتکەی چەکەکانیانەوە گرتووە و بە
گومانەوە لە هەنگاوەکانی حکومەت دەڕوانن.
عەلا حەیدەری، ئەندامی فراکسیۆنی ئەساس لە پەرلەمانی
عێراق دەڵێت: "لە حاڵەتی دەرنەچوونی ئەمریکا، بێگومان بۆچوونی دیکە دێتە پێشەوە.
گرووپە چەکدارەکان کەسانی نیشتیمانپەروەرن، پیشەییانە کاردەکەن و تێگەیشتن و دیدی
خۆیان هەیە بۆ دۆخەکە."
لە کاتێکدا عەلی
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، زنجیرەیەک رێککەوتنی بۆ
راکێشانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کردووە، لەکاتێکدا بەرەی مقاوەمە
چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکانی لە عێراق کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ دانانی چەکەکانیان.
.jpg&w=3840&q=75)
