رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەک لە پارێزگای دیوانیە، سزای 10 ساڵ زیندانی و دەرکردنی لە خزمەت بۆ ئەفسەرێک و سێ پۆلیس بڕییەوە، دوای ئەوەی سەلمێندرا لەنێو بنکەیەکی پۆلیسدا دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر ژنێکی دەستبەسەرکراو.
سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پۆلیسی دیوانیە، رۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی چوار کارمەندی بنکەی پۆلیسی "نەهزە" دەرکرد، کە تێوەگلابوون لە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێکی دەستبەسەرکراو لەنێو بنکەکەدا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ژنە لە شەوی 28ی تەممووزی 2026دا براوەتە بەردەم دادوەر بۆ ئەوەی لەسەر سکاڵایەکی خۆی لەسەر کەسێک گوتەی لێوەربگیرێت.
قوربانییەکە ژنێکی تەمەن 26 ساڵانە و لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەناو بنکەکەدا رووبەڕووی ئەو تاوانە بووەتەوە.
ئەوەی گومانی لای پۆلیس دروستکردبوو، کوژاندنەوەی کامێراکانی چاودێریی بنکەکە بووە لەکاتی تاوانەکەدا، بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، کامێراکان بۆ ماوەی سێ کاژێر کوژێندراونەتەوە و ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سەرەنجام ئاشکراکردنی راستییەکان.
ئەو چوار تۆمەتبارە بەپێی مادەی 14 لە یاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دادگەیی کران. دادگە دوای سەلماندنی تاوانەکەیان، "قورسترین سزا"ی بەسەردا سەپاندن، کە بریتییە لە 10 ساڵ زیندانیکردن و دەرکردنی یەکجاری لە کارەکانیان.
دۆسیەی ئەو ژنە، کە بە (د. غ) ناسێندراوە، لە مانگی تەممووزەوە دەستیپێکرد، کاتێک بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەردانی بنکەی پۆلیسی کردبوو، بەڵام دواتر بەهۆی "گۆڕینی گوتەکانی و بەلارێدابردنی یاسا"، بە بڕیاری دادوەر لە 5ـی ئابدا دەستبەسەر کرا، لەو ماوەیەشدا لەلایەن ئەو ئەفسەرە و سێ کارمەندەکەوە دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەر.

.jpg&w=3840&q=75)
