رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای کۆکردنەوەی چەکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زانیارییان لەبارەی شەش ملیۆن چەک لە سەرتاسەری عێراق کۆکردووەتەوە و زیاتر لە نیو ملیۆن چەکیش تۆمارکراون. لیژنەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هەر کەسێک درۆن بە نایاسایی بەکاربهێنێت، وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لە باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێکخست و لەبارەی چالاکییەکانی لیژنەی باڵای کۆکردنەوەی چەک رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە سنووردارکردن و رێکخستنی چەک لە دەستی حکومەت، کە بەپێی بڕیاری ژمارە 21ـی ساڵی 2018ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێکهێنراوە، لیژنەکە لە کانوونی دووەمی 2023 دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانیی رێکخستنی چەک.
ئەرکی لیژنەکە
لیوا میقداد میری، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەرکی لیژنەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، قەدەخەکردنی دیاردە چەکدارییەکان، بەدیهێنانی ئاسایش، گەشەپێدان و پاراستنی بووژانەوەی ئابوورییە. لیژنەکە هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەک بۆ رێکخستنی کارەکانی دەکات. ئەرکەکانی لە چوار قۆناخ پێکدێت:
قۆناخی یەکەم: ئامادەکردنی بنکەی داتا و دروستکردنی بانکی زانیاری.
قۆناخی دووەم: تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان.
قۆناخی سێیەم: کۆنترۆڵکردن و پشکنین.
قۆناخی چوارەم: بەدیهێنانی ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوام.
پێشبینی دەکرێت هەموو قۆناخەکان تاوەکو ساڵی 2030 تەواو ببن.
لیژنەکە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ سەرۆکایەتیی دەکات. هەروەها نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەموو دەزگا ئەمنییەکان، وەزارەتە مەدەنییەکان، دیوانی وەقفەکان، دەستە سەربەخۆکان و تۆڕی میدیایی عێراقی ئەندامن تێیدا.
بانکی زانیاریی شەش ملیۆن چەک
لیژنەکە بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد، بانکی زانیارییەکەی شەش ملیۆن چەکی لە سەرتاسەری وڵات تێدایە. لە قۆناخی یەکەمدا، 845 نووسینگەی تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق کراونەتەوە.
گرنگترین چالاکی و ئامارەکانی لیژنەکە:
داخستنی 71 بارەگای نایاسایی کە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندبوو.
داخستنی 119 فرۆشگە و شوێنی بێ مۆڵەتی فرۆشتنی چەک.
پێدانی 160,759 مۆڵەتی هەڵگرتن و بەدەستەوەگرتنی چەک بە هاووڵاتییان.
وەرگرتنەوەی 55,264 چەک لە وەزارەتە مەدەنییەکان و رادەستکردنیان بە وەزارەتی ناوخۆ.
بەدواداچوون بۆ 143,309 چەکی دزراو.
بەدواداچوون بۆ چەکی 134 کۆمپانیای ئەمنیی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی 21,224 چەک.
دۆزینەوەی 2,668 چەکی دزراو.
بەدواداچوون بۆ 461 چەکی هێزەکانی سەحوە.
دۆزینەوەی 947 چەکی ونی وەزارەتی ناوخۆ لەلای کۆمپانیا ئەمنییەکان.
دۆزینەوەی 1,960 چەکی ونی وەزارەتی ناوخۆ لەلای کۆمپانیا تایبەتەکان.
بەدواداچوون بۆ 9,089 چەک کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.
بەدواداچوون بۆ 277,278 چەک کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە رادەستی لایەنی عێراقی کراون.
تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان
لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، باسی لەوەشکرد کە لە سەرەتادا، هاووڵاتییان متمانەیان بە پرۆسەکە نەبوو و رێژەی تۆمارکردن کەم بوو، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ کارئاسانیی کرد و پرۆسەکەی کردە خۆڕایی، رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو. تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن چەک تۆمار کراون و رۆژانە پرۆسەکە بەردەوامە.
لیژنەکە جگە لە چەکی ئاگرین، چاودێریی چەکی سپی (چەقۆ و شمشێر)، یارییە ئاگرینەکان و چەکی راویش دەکات. بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە لە ساڵی 2023، 324 کەس بریندار بوون. هەروەها دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەستیان بەسەر 32 هەزار تفەنگی دەنگی و هەواییدا گرتووە.
هۆشداری لەبارەی درۆنەوە
لیوا میقداد میری راشیگەیاند، ئەمساڵ 49 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەستیان بەسەردا گیراوە. لیژنەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هەر درۆنێک بەبێ رەزامەندیی فەرمی و بۆ ئامانجی نائاشتییانە بەکاربهێنرێت، خاوەنەکەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
دوایین وادە بۆ تۆمارکردنی چەک
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەت هەموو کارئاسانییەکی کردووە و تۆمارکردنی چەک تاوەکو 31-12-2026 بە خۆڕایی دەبێت. لیژنەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات پەلە بکەن لە تۆمارکردنی چەکەکانیان، چونکە دوای ئەو رێکەوتە، هەر چەکێکی تۆمارنەکراو بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەناوی لیژنەکەوە سوپاسی ژمارەیەک لە شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی کرد کە میوانخانەکانیان کردووەتە بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئەندامانی عەشیرەتەکانیان. گوتیشی: "ئامانجی کۆتایی حکومەت ئەوەیە کە هەموو چەکێک لە وڵاتدا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت."


