رووداو دیجیتاڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەو دوو گروپە چەکدارەی تاوەکو ئێستا چەکیان دانەناوە، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە. عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیازێک لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەردوو گرووپی چەکداری نوجەبا و کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق تاوتوێ دەکرێت بۆ چەکدانانی ئەو دوو گرووپە. عەقیل ردێنی گوتی، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە هەردوو گرووپەکە بەتەواوی هێزەکانیانەوە بچنە ژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبی و لەو رێگەیەیشەوە بچنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق. عەقیل ردێنی گوتی: "تاوەکو ئێستا هەردوولا نەچوونەتە نێو وردەکاریی ئەو پێشنیازەوە کە پرۆسەکە چۆن دەبێت و چەکەکان چۆن رادەست دەکەن. دیالۆگ لەو بارەیەوە لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە." لە 19ی ئایاردا حکومەتی عێراق لیژنەی تایبەتی بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت پێکهێنا و سێ گرووپی چەکدار رەزامەندییان لەسەر هەنگاوەکە دەربری، ئەوەش سەرەتا لە رێگەی پچڕاندنی پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانیان لە دەرەوەی دەستەی حەشدی شەعبی. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، کات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەو دوو گرووپە ماوە، چونکە دوایین کات بۆ ئەو مەبەستە کۆتایی مانگی ئەیلوولە. عەقیل ردێنی گوتی، ئامانج لەو پێشنیازە ئەوەیە دوای کۆتایی مانگی ئەیلوول هیچ گرووپێک یان کەسێک نەتوانێ بڕیاری جەنگ بدات و فرەفەرماندەیی نەمێنێت. 30ی ئەیلوول لەنێوان بەغدا و واشنتن دیاریکراوە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە زۆرینەی لایەنە سەرەکییەکانی بەشدار لە حکومەت تێیدا بەشدارن، دوای ئەو وادەیە بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و هەر جۆرە مامەڵەیەکی دەرەوەی یاسا، بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
عێراق10-08-2026بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک لەبارەی ئاگاداریی پێشوەختەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دەرچوو
عێراق10-08-2026بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەک لەبارەی ئاگاداریی پێشوەختەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دەرچوو