رووداو دیجیتاڵ لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆدەکرێتەوە، ئەوەش وەک یەکێک لە چارەسەرەکانی قەیرانی دارایی و زیاتر لە 60 پەرلەمانتاریش واژۆیان کردووە. نووسراوی تایبەت بەو داواکارییە لەلایەن محەممەد شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی (خزمەتگوزاری) ئامادەکراوە و 67 ئەندامی پەرلەمان واژۆیان کردووە. لەو نووسراوەدا هۆکاری داواکارییەکە خراوەتەڕوو، لەوانە ئەنجامنەدانی ئەرکی چاودێری و یاسادانانی ئەنجوومەنەکان، دروستبوونی بارگرانیی دارایی بەهۆی مووچە و ئیمتیازاتەکانیانەوە؛ داواش لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە کە کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان و تەرخانکراوە داراییەکانیان سڕبکرێت و لە پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو داواکارییە بدرێت. سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری ئەو واژۆ کۆکردنەوەیە ئەوەیە کە بۆچوونێک لە پەرلەمان دروست بووە کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەڵقەیەکی زیادەیە و بارگرانیی ئابووری دروست کردووە." ئەو هەوڵە بۆ سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینی عێراق بە دۆخێکی ئابووریی سەختدا بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ـی شوبات دەستی پێکرد. پێشتر پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2019 ئەنجوومەنی پارێزگاکانی سڕکرد بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانەی کە ئەو کاتە ئەنجامدران دژی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و تاوەکو ساڵی 2023 پارێزگاکانی عێراق بێ ئەنجوومەن بوون. ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 285 کەسە لە 15 پارێزگا. بەرزترین مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەن دوو ملیۆن و 600 هەزار دینارە، بەو پێیە تێکڕای پارەی مووچەی مانگانەی ئەندامانی ئەنجوومەن دەگاتە 741 ملیار دینار. عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگاکان بارگرانییان دروست نەکردووە و تەنیا مووچە وەردەگرن بەبێ ئیمتیازاتی دیکە، ئەوە جگە لەوەی لە پارێزگاکانی خۆیاندا کاران.
عێراق10-08-2026گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر: چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکان پێشنیازێکى چەکدانان تاوتوێ دەکەن
عێراق10-08-2026بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک لەبارەی ئاگاداریی پێشوەختەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دەرچوو
عێراق10-08-2026بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەک لەبارەی ئاگاداریی پێشوەختەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دەرچوو