رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هێشتا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە و خەریکی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیەتی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان لە 22ی مانگی رابردووەوە لە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراقە.
سەرەڕای ئەوەی وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵن، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت ئەم هەفتەیە پارەکە رەوانە بکرێت.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ بەدواداچوونمان کرد لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و فەرمانگەی بودجە، ئەوان خەریکی ئامادەکردنی پارەکەن و کاتێک ئامادە بوو، مووچەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرن و هیچ کێشەیەکی لەپێش نییە. بەڕاستی نامانەوێت وادەیەک بڵێین، بەڵام سبەی دیسان سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەمەوە بۆ ئەوەی بزانم گەیشتوونەتە کوێ."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق گەرەنتی بکرێت و لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە.
عەبدولحەمزە خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیدراک، بە رووداوی گوت: "هەموو پەرلەمانتاران داوایان کردووە کە مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بێت، چونکە ئەوە مافێکی شایستەی براکانمانە لە هەرێمی کوردستان."
یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە، کێشەی کەمیی نەختینەیە (سیولە) کە رووبەڕووی حکومەتی عێراق بووەتەوە و وەک مەترسییەکی شاراوە سەیر دەکرێت، کە لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا، کاریگەریی لەسەر کابینەی ئێستای عێراقیش دەبێت.


