رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری مانگی تەممووزی "بانکی نیشتمانیی عێراق بۆ چەک" رادەگەیێنێت. بەپێی ئامارەکان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەست بەسەر "هەزاران" پارچە چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و زیاتر لە 20 هەزار چەکی دەستی هاووڵاتییانیش تۆمارکراون.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، لیوا مەنسوور عەلی سوڵتان، سکرتێری لیژنەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت لە عێراق رایگەیاند: "رێکارەکانی رێکخستنەوەی چەک لە سەرتاسەری عێراق بەردەوامن و مانگی رابردوو دەست بەسەر هەزاران پارچە چەک و تەقەمەنیدا گیراوە."
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە مانگی تەممووزدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە دەست بەسەر ئەم بڕەدا بگرن:
- 2.797 پارچە چەکی جۆراوجۆر
- 16.616 فیشەک و جۆری جیاوازی تەقەمەنی
- 325 مووشەک و بۆمب
- 1.072 مادەی تەقەمەنی جیاواز
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو چەک و تەقەمەنییانە لەکاتی هەڵمەتەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە و چەکی گرووپە چەکدارەکان نین."
بە گوتەی میقداد میری، لە داهاتوودا و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە، ئاماری گشتیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت رادەگەیێنن.
تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان
وەزارەتی ناوخۆ کار بۆ بەیاساییکردنی ئەو چەکانە دەکات کە لە لای هاووڵاتییانن و دەڵێت: "لە نووسینگەکانی تۆمارکردن، 20 هەزار و 792 پارچە چەکی سووکی کەسی بۆ هاووڵاتییان تۆمارکراون."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، زانیاریی لەبارەی دوو هەزار و 106 پارچە چەکی بەرپرس و هاووڵاتی لای وەزارەتەکەیان تۆمارکراوە کە سەردانی فەرمانگە حکومییەکان و فڕۆکەخانەکانیان کردووە و زۆربەیان دەمانچە بوون.
وەک هەنگاوێک بۆ سنووردارکردنی چەک لە ناوەندە مەدەنییەکاندا وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، توانیویانە 293 پارچە چەکی سووک لە وەزارەتە مەدەنییەکان وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ کۆگەکانی دەوڵەت.



