رووداو دیجیتاڵ بەرێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەیان پشتگیرى سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەتدا دەکات، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بێت ئاشتى نێوخۆیی بپارێزێت و عێراق لە رووبەڕووبوونەوەى خوێناوى بپارێزێت. هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس رایگەیاند؛ هەڵوێستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا روون و جێگیرە، بەوەی کە پشتگیرى کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەست دەوڵەتدا دەکات بەگوێرەی یاسا و دەستوور، بەڵام بە شێوەیەک کە ئاشتیی ناوخۆیی بپارێزێت و عێراق لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی یان خوێنڕشتن دوور بخاتەوە. هیشام روکابی دەڵێت: "چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بە ئاڵۆزکردن نایەتە دی، بەڵکوو بە دیالۆگ و رێکاری یاسایی و سازانی نیشتمانی دێتە دی، بە جۆرێک کە گیانی عێراقییەکان بپارێزێت." ئەو هەڵوێستەى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا، کە یەکێکە لە 12 پێکهێنەرە سەرەکییەکەى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان، لەکاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە. ئەو رێکارەى هێزە ئەمنییەکان هاوکات بوو لەگەڵ ئەو وادەیەى کە گرووپەکانى مقاوەمەى ئیسلامى لەعێراق بۆ حکومەتیان دانابوو کە تاوەکو 7ى ئاب چاوەڕێى کاردانەوەى دەکەن بەرامبەر هێرشەکانى ئەمریکا و سعودیە لە 29ى مانگى تەممووز بەهۆیەوە 20 چەکدارى حەشدی شەعبی کوژران و 32 ى دیکەش بریندار بوون. 30ی ئەیلول کە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، دوا وادەیە بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان بە دەوڵەت. هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە شەوی چوارشەممە کۆبووەوە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دوای 30ی ئەیلوول بە یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵ چەکی دەرەوەی دەوڵەت دەکەن.