رووداو دیجیتاڵ
بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە. هاوپەیمانییەکە هۆشداری دەداتە هەموو ئەو لایەنانەی چەکیان لە دەرەوەی یاسایە و دەڵێت، "دوای 30ی ئەیلوولی 2026، بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی چەکداریی دەرەوەی دەوڵەت دەکرێت."
شەوی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، بە میوانداریی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 37ـەمین کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانییەکە ئامادەبوون.
"چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت"
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-8-2026 بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە جەختی لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک کردووەتەوە.
هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەت دەربڕیوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و رایانگەیاندووە: "رێگری دەکرێت لەوەی خاکی عێراق بکرێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، یان تێوەگلانی عێراق لە ململانێیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلەکەی نەکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لایەنێک پێچەوانەی ئەمە بجوڵێتەوە، بە "تاوانبار دژی ئاسایشی وڵات" و "یاساشکێن" هەژمار دەکرێت.
30ی ئەیلوولی 2026ی وەک دوا مۆڵەت دیاریکراوە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان راستی دەوڵەت بکەن. بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە دوای 30ی ئەیلوول "یاسای دژە تیرۆر" بەسەر هەر چەکدار و گرووپێکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
ئاسایشی سنوورەکان و ئابووری
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق؛ ئامادەبووان سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد، کە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان. هەروەها جەخت لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مادە هۆشبەرەکان کرایەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، جەخت لە پێویستیی هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنی نەوت و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان کرایەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی.
تەواوکردنی کابینەی حکومەت
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت و ناردنی کارنامەی وزاری بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەبەستی گفتوگۆکردن و پەسندکردنی، "تاوەکو حکومەت بتوانێت دەست بە جێبەجێکردنی پلانە خزمەتگوزارییەکانی بکات."


