رووداو دیجیتاڵ
لە شاری موسڵ بە سەرپەرشتیی پارێزگاری نەینەوا، مەراسیمێکی تایبەت بۆ یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا 40 رزگاربووی دەستی داعش خەڵاتکران، بەڵام رزگاربووەکان باس لەوە دەکەن دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی، هێشتا حکومەت مافە سەرەتاییەکانی بۆ دابین نەکردوون.
مەراسیمەکە وەکو رێزگرتنێک لە خۆڕاگریی رزگاربووان لەبەرامبەر تاوانەکانی رێکخراوی داعش رێکخرابوو، تێیدا 40 رزگاربووی ئێزدی لە هەردوو رەگەز خەڵاتکران. بەشێکی سەرەکیی مەراسیمەکە بۆ گوێگرتن لە چیرۆکی پڕ لە ئازاری ئەو رزگاربووانە و خستنەڕووی داواکارییەکانیان تەرخانکرابوو.
هیچ مافێکمان بۆ دابین نەکراوە
سلڤانا خدر، رزگاربوویەکی دەستی داعشە و باس لە بارودۆخی خۆی دەکات، ئەو دەڵێت: "من 10 ساڵ و نیو لەدەست داعشدا مامەوە. کاتێک رزگارم بوو و گەڕامەوە، هیچ مافێکم پێ نەدرا. ئێستا 12 ساڵە دایکم و برایەکم بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نازانم، بە هەزاران کەسی دیکەش وەکو دایک و برای من ونن."
ئاسیا کەمال، رزگاربوویەکی دیکەیە و ئەویش بەهەمان شێوە باس لە بێباکی و بێپلانیی حکومەت دەکات بۆ هاوکاریکردنیان. ئاسیا دەڵێت: "دوای 10 ساڵ و نیو لە دیلی، ئێستا لەگەڵ خوشکەکەم لە شاریا بە کرێ دەژین. هەموو خەرجی و کرێی خانووەکە لەسەر شانی خۆمە. تاوەکو ئێستا مووچەی حکومەتی عێراقم بۆ نەبڕدراوەتەوە بەبیانووی ئەوەی بودجە نییە. دایک و باوکم لە ئوسترالیان، نامەوێت لێرە بژیم و دەمەوێت بچمە لای ئەوان."
بەڵێنەکانی پارێزگار
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە مەراسیمەکەدا جەختی لەوە کردەوە دۆسیەی رزگاربووان و بێسەروشوێنەکان لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە.
پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند: "لە یەکەم کۆبوونەوەمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەتایبەت باسی پرسی شنگالم کردووە. دۆسیەی رزگاربووان، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، قەرەبووکردنەوەی خەڵک، پرسی ئیدارەی شنگال و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانمان بوون."
سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەی لە ساڵی 2014دا بەسەر ئێزدییەکاندا هات، بەڵام هێشتا ئاسەواری وێرانی بە سیمای شنگالەوە دیارە. خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان زۆر خاوە و شارەکە هێشتا وەکو پێویست بۆ ژیانکردن ئامادە نەکراوەتەوە.

