رووداو دیجیتاڵ
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناحیەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل بیسترا و دووکەڵێکی چڕ لە ئاسمانی ناوچەکە بەرزبووەوە؛ سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقینەوەکان بە مەبەستی شاردنەوەی پێگەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقین.
ئەمڕۆ، دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی جورف سەخر گوێبیستی دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بوون. هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکان بە مەبەستی لەنێوبردن و تەقاندنەوەی پاشماوە جەنگییە کۆنەکانی ناوچەکەیە، بەڵام سەرچاوەکان باس لە هۆکاری دیکە دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم تەقاندنەوانە وەک بیانوویەک بۆ پاشماوەی جەنگ بەکاردەهێنرێن، بەڵام لەبنەڕەتدا ئامانج لێیان شاردنەوە و سڕینەوەی ئاسەواری بەشێک لەو بارەگا، تونێل و پێگە سەربازییانەیە کە تایبەتن بە گرووپی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە سنووری جورف سەخر."
سەرچاوەکەی رووداو هۆشداریشی دا کە "پێشبینی دەکرێت ئەم جۆرە تەقینەوانە لە رۆژانی داهاتووشدا لەنێو قووڵایی ئەو ناوچەیە بەردەوام بن."
ئەم تەقینەوانە لەکاتێکدان کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای ئەمنی و تەکنیکی چووە نێو جورف سەخر بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی کونکردنی بۆرییەکان و بەقاچاخبردنی نەوت، کە بووە هۆی لەسەرکارلادانی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵەکانی بۆریی نەوت و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەمنی و کارگێڕیی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی چوونەتە نێو دانوستاندنەکان بۆ رێکخستنی چەک و واژۆکردنی (رێککەوتنی سەروەری) لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەت، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیمانی خۆی شکاندووە و نووسینگەکەی راپۆرتی هەڵبەستراو لە کەناڵە ئیماراتی و سعودییەکان و هەندێک کەناڵی نێوخۆیی بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دۆسیەکانی مەدینە نەسر (جورف سەخر) و چەکی بەرگری دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بن و سەرەڕای گوشارەکانی ئیمارات، سعودیە و ئەمریکییەکان لە رێگەی حکومەتی زەیدییەوە بۆ تۆمەتبارکردنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سازش لەسەر ئەو بنەمایە ناکەین."
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا روونیکردووەتەوە، ئەو لیژنە هونەرییەی سەردانی ناوچەکەی کردووە، هیچ زێدەڕۆییەکی بۆ سەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە. بە گوتەی ئەوان، ئەوەی لە وێنەکاندا تۆمارکراوە تەنیا چەند کۆگایەکی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنییە کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و موەلیدەکان لەنێوان کەرتی باکووری بابل تاوەکو قائیم بەکاردەهێندرێت و زیاتر لە پێنج هەزار مەتر لە بۆریی نەوتەوە دوورە.

