رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر خاڵێکی هاوبەشی سوپا و حەشدی شەعبی لەنێوان سنووری پارێزگای نەینەوا و ئەنبار.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی هاوبەشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەنێوان هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار لە سنووری قەزای حەزەر.
لەبارەی ئەنجامی هێرشەکە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی دیار نییە.
لای خۆیەوە، دەستی حەشدی شەعبی بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی دیکە بدات بڵاویکردەوە، هێزەکانی لیوای 44ی حەشدی شەعبی بەرپەرچی هێرشێکی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە، کە کراوەتە سەر خاڵێک لەسەر رێگەی نێوان قەزای حەزەر (نەینەوا) و قەزای راوە (پارێزگاری ئەنبار).
هەر لەوبارەوە فەرماندەیی رۆژئاوای نەینەوا دڵنیایی دەدات و رایدەگەیێنێت، دۆخەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵە، هێزە ئەمنییەکانیان لە ئامادەباشی دان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی پاشماوەکانی داعش. هێزە ئەمنییەکان لەسەر رێگەی راوە- حەزەر بڵاوبوونەتەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە و رێگە بە جموجۆڵی چەکدارانی داعش نادەن.
ماوەیەکە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادی کردووە. ئێوارەی هەینی رابردوو ئۆتۆمبێلێک کە گومان دەکرا چەکداری داعشی تێدا بێ، لە سنووری پردێ بینرا. دواتر هێزێکی زۆری سوپا و دژەتیرۆری عیراق چوونە ناوچەکە و رێگەی سەرەکی کەرکووک- هەولێر بە رووی شۆفیران دا داخرا.
دواتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانیی ورد لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە باکووری کەرکووک، سێ چەکداری "تیرۆریست" کوژران و چەکدارێکی دیکەش کە ئەرکی گواستنەوەی لە ئەستۆ بوو، دەستگیرکرا.

