رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی سعودیە بکەن؛ سەردانەکە دوای ئەو گرژییە سەربازی و سیاسییە بوو کە لە نێوان هەردوو وڵات روویدا بەهۆی هێرشکردنە سەر ریاز.
چوارشەممە 5ی ئابی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە عەمانی پایتەختی ئوردن سەردانی ئەو شاندەیان تاوتوێ کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە ئامادەکارى سەردانی چاوەڕوانکراوی شاندی ئاسایشی نیشتمانى عێراق بۆ سعودیە کراوە، هەروەها تاوتوێی سەردانی دوولایەنە کراوە لەسەر ئاستە جیاوازەکان بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات.
29ی تەممووز ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردە سەر بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق، بەهۆیەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32 چەکداریش بریندار بوون.
ئەو بۆردوومانانە دوای رۆژێک بوو لە هۆشداریی سعودیە بەوەی لە خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر چەند دامەزراوەیەکی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ریازی پایتەخت.



