رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەربەلا دەڵێ، ئەم ساڵ 22 ملیۆن زیارەتکار بەشدارییان لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کردووە و پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانیش بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراون.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، نەسیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن روویان لە شارەکە کردبوو، گەیشتووەتە 22 ملیۆن زیارەتکار، کە پێنج ملیۆنیان لە وڵاتانی دیکەوە هاتبوون.
پارێزگاری کەربەلا گوتی، پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کردووە و گوتیشی: "ئەم سەرکەوتنە بەهۆی پاڵپشتی و پشتیوانیی بەردەوامی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، کە خۆی راستەوخۆ بەشدار بووە لە داڕشتنی پلانەکاندا."
پارێزگاری کەربەلا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 650 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لەنێوو شارەکە کۆکراوەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دروستکردنی گۆڕەپانی نوێ، کردنەوەی شەقام و تەواوکردنی چەندین پرد، رۆڵی زۆریان هەبووە لەوەی زیارەتکاران بە ئاسانی و بێ کێشە رێوڕەسمەکە بەجێ بگەیێنن.
چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ساڵانە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت و جگە لە شیعەی عێراق، هاووڵاتییانی شیعەی وڵاتانی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن.
یادی چلەی ئیمام حوسێن پار کەوتە 14ـی ئاب، ئەم ساڵ کەوتە 4ی ئاب.



