رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق داوایەکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین دانیشتندا میوانداریی بکەن تاوەکو دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق روونبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەفەرمی داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە میوانداریی بکەن بۆ خستنەڕووی راستیی دارایی و ئابووریی وڵاتەکە و روونکردنەوەی دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی لە سایەی گۆڕانکارییە هەرێمییەکانی ئێستادا رووبەڕووی دارایی گشتی دەبنەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، وەزیری دارایی جەختی لەوەکردووەتەوە، "داواکاریی میوانداریکردنەکە لەپێناو ئەوەدایە نوێنەرانی گەل بخەینە بەردەم وێنەیەکی وردی راستییدارایی و ئابووری، هەروەها بۆ خستنەڕووی ئەو رێکارانەیە کە وەزارەتەکەمان دەیانگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پابەندییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت و بەردەوامبوون لە پرۆگرامەکانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕیدا."


