رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لە دژی گەڕاندنەوەی بەشێک لەو زەوییانەیە کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە کە 14 ساڵ پێش ئێستا بڕیارێک لەبارەیەوە دەرکراوە.
سکاڵاکە لەلایەن کۆمپانیای Quick Investment بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە لە دژی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانیی عێراق تۆمار کراوە و تێیدا داوا دەکات بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستوور ئەو زەوییانە نەگرێتەوە کە خراونەتە سنووری شارەوانییەکەوە و کوژێنراونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوە کە لەلایەن لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە کراون بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی مادەی 140، کە بەهۆیەوە زەویی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەو ناوچانە زەوت کراون و دراونەتە عەرەبی هاوردە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو زەوییانەی مادەی 140 کە بڕیاری ژمارە 29 گرتوونیەتەوە و خراونەتە ناو سنوور شارەوانییەکان، قەرەبووی خاوەنەکانیان کراوەتەوە زەوییان لە سنوورى شارەوانییەکان پێداون کە ئەو سکاڵایە دەیانگرێتەوە، بەڵام زۆربەى زەوییەکانى مادەی 140 کشتوکاڵین و لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکانن.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی پێکاوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتن سەبارەت بەو سکاڵایە.



.webp&w=3840&q=75)
