رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین بڕیاری دا رۆژانی هەینی و شەممە و پشووەکان، دەوامکردن لە هەندێک لە لقەکانی بەردەوام بێت بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەو بانکە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پەرۆشییان بۆ دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی ئاسان و لە کاتی خۆیدا، بڕیاری کارکردنی ئەو لقانەی بانکەکەیان لە رۆژانی هەینی و شەممەدا داوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو لقانەی بانکەکە بەردەوام دەبن لە دەوامکردن کە تایبەتن بەو فەرمانبەرانەی جێگیرکردنی مووچەیان بۆ کراوە.
بانکی رافیدەین رایگەیاندووە، کارکردنی فەرمانبەرانی لە رۆژانی پشوودا بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە دابەشکردنی مووچەیە.
حکومەتی عێراق بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە، رۆژانی 3 و 4ی ئابی کردووەتە پشووی فەرمی.
لە 28ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دابەشکردنی مووچەی دەستپێکرد، کە بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵ لە کاتی خۆی دواکەوتووە.
عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 7.4 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەوە دابەشکردنی دواکەوتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
