رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، یەکێک لەو پرسانەی باسکراوە بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر، بەغدا و تاران بووە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەگای راوێژکاریێتیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کراوە.
ئەو راوێژکاریێتییە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی لیژنەی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبوودى، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چارەسەری ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە هەن، لەگەڵ یەکخستنی تێڕوانینەکان بە شێوەیەک کە گەرەنتیی بەهێزکردنی شێوازی هاریکاری و هاوئاهەنگی بێت لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی ئێراندا بۆ گەیشتن بە چارەسەری کرداری کە رۆڵی هەبێت لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی.
19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران ئەو رێککەوتنە ئەمنییەیان واژۆ کرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی رێککەوتنەکە.
راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق - ئێران کردووە و تاوتوێی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەیان کردووە کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوویاندا دەستنیشانیان کردوون، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆیان بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی ئەمنیی هاوبەشی نێوانیان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانەی کە پێشتر رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە.




