رووداو ديجيتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی دابەشکردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمان دەکات و لیژنەیەکیش بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو یاسایانە پێکدەهێنێت، کە پەکخراون.
ئێوارەی دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران تێیدا بەشدار بوو.
ئەو هاوپەیمانێتییە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بۆ پۆلێنکردن و تاوتوێکردنی سەرجەم ئەو یاسایانەی پەکخراون، لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت پشتیان پێ دەبەستێت.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەو کۆبوونەوەیەدا دۆسیەی دابەشکردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمانیان تاوتوێ کردووە، لەسەر بنەمای بەرکەوتەى هەڵبژاردن و پێوەرەکانی لێهاتوویی و هاوبەشیی نیشتمانی، بۆ کاراکردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریی پەرلەمان و پەلەکردن لە پەسندکردنی ئەو یاسایانەی کە پەکخراون.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بەوەی کە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی کە لە 30ـی ئەیلوولی 2026 رێککەوتنی لەبارەیەوە کراوە، و حکومەتیشیان سەرپشک کرد بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پابەندبوون پێوەی.




